شارپرێس:
ئاژانسی هەواڵی فارس، ڕایگەیاندووە کە بەپێی بەدواداچوونەکانیان تا ئێستا هیچ نامەیەکی نوێی نووسراو لە نێوان ئێران و ئەمریکا ئاڵوگۆڕ نەکراوە و میدیا ڕۆژئاواییەکان بە ئامانجی دیاریکراو خەریکی گەورەکردنەوەی ئەم هەواڵانەن.
ئاژانسە ئێرانییەکە هەروەک دەڵێت: بانگەشەکانی پێگەی هەواڵیی ئاکسیۆس و ڕۆیتەرز زیاتر بۆ کاریگەری لەسەر بازاڕە جیهانییەکان و دابەزاندنی نرخی نەوتە نەک ڕاستی و واقیع.
دەشڵێت: هەفتەی ڕابردوو ئێران لە وەڵامی پلانە 9 خاڵییەکەی ئەمریکا، پێشنیازێکی 14 خاڵی پێشکەش کرد کە تێیدا هێڵە سوورەکان و دیدگای خۆی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ڕێگەی لایەنی پاکستانییەوە گەیاندە واشنتۆن.
ئەوەش هاتووە: هەرچەندە ئاکسیۆس باسی لە ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی یەک لاپەڕەیی کردووە، بەڵام سەرچاوە ئاگادارەکان دەڵێن ئێران هێشتا وەڵامی نامەی کۆتایی ئەمریکای نەداوەتەوە.
لای خۆشییەوە، عەلی ڕەزایی شارەزای ئابووریی ئێرانی بە فارس نیوزی راگەیاندووە کە دەڵێت ئەم جووڵە میدیاییانە بەشێکن لە ئۆپەراسیۆنی دەروونی بۆ دابەزاندنی نرخی نەوتی خاوی تەکساس و کاریگەریی لەسەر ڕای گشتیی ئەمریکا.