شارپرێس:
زانیاری نوێ دەربارەی ئەوەی لەپشت پەردەکانەوە لەدەربارەی گەیشتن بەڕێککەوتن دەگوزەرێت بڵاوکرایەوە، میدیاى ئیسرائیلى ئاشكرایكردوه، پێشکەوتن هەیە لەهەوڵەکان بۆ داڕشتنی نامەی لێکتێگەیشتنو بنەماکان، بەڵام هێشتا بۆشاییو جیاوازی ماون، دهشڵێت، "موجتەبا خامنەیی ڕەنگە ڕێگریی لەهەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ واشنۆن بکات".
عەمیحای شتاین پەیامنێری کاروباری دیپلۆماسی وردەکاری نوێی دەربارەی هەوڵەکانی پشت پەردە بۆ گەیشتن بەڕێککەوتن لەگەڵ ئێران بڵاوکردەوە، لەنێوان ئەوانەشدا، ئیسرائیل وا هەڵدەسەنگێنێت کە سەرەڕای هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، موجتەبا خامنەیی (کوڕی ڕێبەری باڵای ئێران) هەر جۆرە ڕێککەوتنو سازشێک ڕەتدەکاتەوە.
بهگوێرهى ئهو سەرچاوانهى قسهیان بۆ (i24NEWS) كردوه، "پێشکەوتن هەیە لەهەوڵەکان بۆ داڕشتنی نامەی لێکتێگەیشتنو بنەماکان، بەڵام هێشتا جیاوازیی هەیە"، ئەم لێدوانانە لەکاتێکدایە کە کەناڵی العربیه-ی سعودی ڕاپۆرتێکی دراماتیکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتوە، "کار لەسەر کۆتا وردەکارییەکانی ڕەشنوسی ڕێککەوتننامەی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانو ئێران دەکرێت".
هەروەها میدیا عەرەبییەکان ئاماژەیان بەوەکردوە، ڕەنگە سبەی فەرماندەی سوپای پاکستان بگاتە ئێران بۆ ڕاگەیاندنی دەقی کۆتایی ڕێککەوتنەکە، چاوەڕوانیشدەکرێت لەچەند کاتژمێری داهاتودا دەقی ڕێککەوتنەکە ڕابگەیەنرێت.
سەرەڕای پەرەسەندنی پەیوەندییەکان، ئیسرائیلو ئەمریکا بێدەنگ نینو خۆیان بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی چالاکییە سەربازییەکان دژی ئێران ئامادە دەکەن، هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکییەکان بەردەوامە بۆ حاڵەتێک ئەگەر ترەمپ فەرمانی هێرشکردن دەربکات، هەروەها ناتانیاهۆش لەگەڵیدا قسەیکردوە، لەسەر ئاستی سەربازیش، گفتوگۆکان لەگەڵ فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتكۆم) بەردەوامن.
لەلایەکی دیکەوە، سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداریدەدات کە ئەگەر هێرشەکان دەستپێبکەنەوە، "ئەمجارە جەنگە هەرێمییە بەڵێندراوەکە بۆ دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش فراواندەبێت"، لەبەیاننامەیەکدا، سوپای پاسداران ڕایگەیاندوە کە "لەشوێنە چاوەڕواننەکراوەکاندا گورزی کوشندە دەوەشێننو ئاسمان تاریک دەکەن".
