شارپرێس:
تاران لەبەردەم دوا وێستگەی دانوستانەکاندا،
ملیارەها دۆلاری بلۆککراو دەبێتە کلیلی ئاشتی یان تەقینەوەی متمانەو ئاژانسه ئێرانیهكانیش
باس لهوهدهكهن، بەبێ ئازادکردنی دەستبەجێی پارەکان، هیچ تێگەیشتنێک لەگەڵ
واشنتۆن بونی نابێتو دۆسیەی ئەتۆمیش لەدەرەوەی هاوکێشەکەیە.
ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی سەرجەم
ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لەبەستنەوەی دۆسیەی ئەتۆمی بەپرسی ئازادکردنی پارە
بلۆککراوەکانی ئێران دەکەن، هاوکات هۆشداریدا لەئەگەری شکستهێنانی هەر جۆرە تێگەیشتنێک
ئەگەربێتو واشنتۆن بەردەوامبێت لەدروستکردنی بەربەست.
ئاژانسەکە ڕایگەیاند، ئەو زانیارییانەی باس
لەوەدەکەن، بەرپرسانی ئەمریکا وتویانە "ئێران هیچ ئاسانکارییەک بۆ وەرگرتنی
پارەکانی وەرناگرێت تا دەستنەکات بەگواستنەوەی یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراو، دورن لەڕاستییەوە،
تاران ئامادەنییە دۆسیەی داراییەکانی ببەستێتەوە بەپرسى ئەتۆمییەوه".
تەسنیم ئاماژەی بەوەشکردوە، ئێران پێداگریی
دەکات لەسەر ئازادکردنی بەشێکی پارەکان ڕاستەوخۆ دوای ڕاگەیاندنی تێگەیشتنەکان، بەجۆرێک
بەتەواوی لەژێر دەستی تاراندا بن، ئەمەش بۆ ڕێگریکردن لەدوبارەبونەوەی ئەزمونە تاڵەکانی
ڕابردوو کە تێیدا ئەمریکا بەڵێنەکانی نەبردەسەرو پارەکان بەکردەیی نەگەیشتنە دەست
ئێران.
بهگوێرهى زانیارییەکانی ئاژانسەکە، تاران
لەم قۆناغەدا هیچ پابەندییەکی سەبارەت بەوردەکاریی دۆسیەی ئەتۆمی پێشکەشنەکردوە،
چوارچێوەی داواکارییەکانی ئێران ڕونە بریتییه لهوهى، ئەگەر پارەکان ئازاد نەکرێن،
ئەوا یەکێک لەهێڵە سورەکان بەزێنراوەو هیچ تێگەیشتنێک نایەتە ئاراوە، هەروەها تێگەیشتنی
سەرەتایی دەبێت لەسەر بنەمای کۆتاییهێنانی شەڕ بێت.
سەرچاوەکان بۆ تەسنیم باسیان لەوەکردوە، تائێستاش
بەربەستەکانی ئەمریکا لەهەندێک بڕگەی تێگەیشتنەکاندا بەردەوامە، بەتایبەت لەپرسی
گواستنەوەی پارەکان، لەم بارەیەوە، ڕەزا سەدر ئەلحوسەینی شرۆڤەکاری سیاسیی بەکەناڵی
مەیادین-ی وتوه، "ئەمریکییەکان ئاستەنگیان بۆ گواستنەوەی 12 ملیار دۆلار لەقەتەرەوە
بۆ ئێران لەڕێگەی مۆسکۆوە دروستکردوەو مەرجیان داناوە کە پارەکان لەکاتی بهرهو پێشچونی
دانوستانەکاندا بنێردرێن".
لەکۆتاییدا ئاژانسەکە ڕونیکردوهتهوه، دەستەواژەی
"درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ 60 ڕۆژ" لەڕەشنووسی تێگەیشتنەکەدا نییە، بەڵکو
ئەوەی باسکراوە، "ڕاگەیاندنی کۆتاییهێنانی شەڕە لەهەموو بەرەکان، لەوانەش
لوبنان"، ئەم گۆڕانکارییانەش لەکاتێکدان کە باس لەهەوڵێکی نێوەندگیریی دەکرێت
لەلایەن پاکستانەوە بۆ نزیککردنەوەی تارانو واشنتۆن لەسەر دۆسیەکانی هێورکردنەوەو
کۆتاییهێنان بەجەنگ.
