"بن لادنی ڕاستەقینە".. ناسنامەی ئەو چەکدارەی لەبەردەم کۆشکی سپی کوژرا

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 634 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەزگا ئەمنییەکانی ئەمریکا ناسنامەی ئەو چەکدارەیان ئاشکراکرد کە ڕۆژى شەممە لەنزیک کۆشکی سپی تەقەیکردو دواتر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژرا، تۆمەتبارەکە گەنجێکی 21 ساڵەیەو پێشینەی کێشەی دەرونی‌و هەڕەشەی کوشتنی دژی دۆناڵد تره‌مپ هەبوە.


به‌گوێره‌ى زانیارییەکانی دەزگای خزمەتگوزاریی نهێنی، تۆمەتبارەکە ناوی (نسر بێست)ەو تەمەنی 21 ساڵە، بێست ماوەی 18 مانگ بوە لەواشنتۆن نیشتەجێبوەو مێژویەکی درێژی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان هەبوە، بۆ نمونه‌ له‌حوزەیرانی 2025 هەوڵی داخستنی دەروازەیەکی کۆشکی سپی داوەو بانگەشەی ئەوەیکردوە کە (خودایە)، بەو هۆیەشەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەرونی کراوە، له‌ته‌مموزى هه‌مان ساڵدا، جارێکی دیكه‌ هەوڵی چونە ناو کۆشکی سپی داوەو لەلایەن دادوەرەوە فەرمانی قەدەغەکردنی نزیکبونەوەی لێدراوە.

لێکۆڵینەوە هەواڵگرییەکان دەریانخستوە کە تۆمەتبارەکە لەسۆشیاڵ میدیا پۆستی نامۆی کردوە؛ لەوانە بانگەشەی ئەوەیکردوە کە ئەو "ئوسامە بن لادنی ڕاستەقینەیە"، هەروەها بەئاشکرا ئارەزوی خۆی بۆ ئازاردانی دۆناڵد تره‌مپ دەربڕیوە، ئەمەش وایکردبوو پێشتر لەژێر چاودێریی توندی ئەمنیدا بێت.

ڕوداوەکە کاتژمێر 6ی ئێوارە بەکاتی واشنتۆن ڕویداوه‌، کاتێک دەنگی چەند تەقەیەک لەباخچەی باکوری کۆشکی سپی بیستراوه‌، دەستبەجێ هێزە ئەمنییەکان کۆشکی سپییان داخستوه‌و ڕۆژنامەنوسانیان بردوه‌ته‌ ناوەوەى كۆشكى سپى.

دۆناڵد تره‌مپ لەپەیامێکدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیاڵ سوپاسی هێزە ئەمنییەکانی کردو ڕایگەیاند، ئەوکەسە مێژویەکی پڕ لەتوندوتیژیی هەبوەو زۆر سه‌رقاڵبوو بەکۆشکی سپیه‌وه‌".