هۆشداریی بەپەلە دەدرێت.. ئیسرائیل بەئەنقەست پێگە شوێنەوارییە مێژوییەکانی باشوری لوبنان وێران دەکات

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 110 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەسەر ئاستی لوبنانی و نێودەوڵەتیی هۆشداریی دەدرێت کە مەترسییەکی رستەقینە لەسەر  پێگە شوێنەواریی و کولتوورییەکانی باشووری لوبنان بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل درووست بووە، بەشێوەیەک بە توندی زیادیان بەرکەوتووە.

 
 ئەم هۆشدارییانە دوای زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی چڕی ئیسرائیل دێت بۆ سەر دەوروبەری ئەو شوێنەوارە مێژووییانەی کە لەسەر لیستی کەلەپووری جیهانیی تۆمارکراون، بەتایبەتی لە شارەکانی سوور و نەبتیە، کە بۆتە هۆی تۆمەتبارکردنی ئیسرائیل بە هەوڵی سڕینەوەی یادەوەریی کولتووری ناوچەکە.

دیمەنەکانی ئاژانسی دەنگوباسی فەڕەنسی لە شاری سوور، دووکەڵ و ئاگرێکی خەستیان لەسەر بەردە مێژووییەکان نیشان دا کە تەمەنیان هەزاران ساڵە، ئەوەش دوای هۆشدارییەکی ئیسرائیل بۆ بۆردومانکردنی باڵەخانەیەکی نزیک لەو ناوچە شوێنەوارییە.

لەم چوارچێوەیەدا، غەسان سەلامە، وەزیری ڕۆشنبیریی لوبنان ڕایگەیاند کە تۆپبارانەکان گەیشتوونەتە نزیک شوێنەوارەکانی سوور و قەڵای مێژوویی شەقیف بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کراوەتە ئامانج، هەروەها لە شوێنەواری "شەمەع" سێ قوبە لە کۆی چوار قوبەی ناوچەکە لەناوچوون.

 سەلامە ئاماژەی بەوەش کردووە کە لوبنان "لۆگۆی شین"ی تایبەت بە پاراستنی لەسەر شوێنەوارەکان داناوە، بەڵام سوپای ئیسرائیل ڕێزی لێناگرێت، سەرەڕای ئەوەی ڕێکخراوی یونسکۆ پاراستنی توندی بۆ دەیان شوێنەواری لوبنانی بەپێی ڕێککەوتننامەی لاهای ساڵی 1954 ڕاگەیاندووە.

لای خۆیەوە نەواف سەلام، سەرۆکی حکومەتی لوبنان جەختی کردەوە کە هیچ شتێک پاساو نییە بۆ ئەم هێرشانە. هاوکات ڕۆژنامەی لۆمۆندی فەڕەنسی ئاماژەی بەوە کردووە کە لە شاری بنت جوبەیل قەبارەی وێرانکاری گەیشتۆتە زیاتر لە 75%، و تەنها بەردەکان تێکنەدراون، بەڵکو تۆماری خانوبەرە و بەڵگەنامەکانی موڵکایەتیش لەناوچوون.

شارەزایان پێیان وایە ئامانجی ئەم کارانە سڕینەوەی یادەوەریی شوێن و ناسنامەی مێژوویی ناوچەکەیە، بەتایبەت کە شاری سوور لە ساڵی 1984ەوە لەسەر لیستی کەلەپووری جیهانییە و پێگەیەکی گرنگی فینقی و ڕۆمانی هەیە.