ڕاپۆرتی پێنتاگۆن لەبارەی لاوازیی بەرگری و قەرزی 33 ملیار دۆلاری هەرێمی کوردستان

ڕاپۆرت

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 242 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ڕاپۆرتێکی نوێی پشکنەری گشتیی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) وێنەیەکی نیگەرانکەر لە دۆخی ئاسایش، بەرگری و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو. بەپێی ڕاپۆرتەکە، هەرێم ڕووبەڕووی هەڕەشەی بەردەوامی هێرشە مووشەکی و فرۆکەی بێفڕۆکە دەبێتەوە، هەروەها بەهۆی قەیرانی دارایی و گرێدراوی بە بودجەی بەغداوە، لە پاراستنی توانا بەرگرییەکانی خۆیدا ڕووبەڕووی کێشەی گەورە  دەبێتەوە. 

 
بەپێی هەڵسەنگاندنەکە، وەزارەتی پێشمەرگە هێشتا لە دابینکردنی خەرجییە بنەڕەتییەکانی خۆی، وەک مووچەی هێزەکان، ڕاهێنان و پاراستنی ئامادەباشیی شەڕ، پشتی بە یارمەتی و هاوکاریی ئەمریکا دەبەستێت و هەرێم هێشتا نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەم بوارانە بەڕێوەببات.

لە هەمان کاتدا، بەپێی ڕاپۆرتەکە، پاش دامەزراندنی دوو فەرماندەیی ناوچەیی نوێ لە هەرێمی کوردستان، چاوەڕوان دەکرێت ڕۆڵی ڕاوێژکاریی سەربازیی ئەمریکا لە ئاستی یەکە شەڕکەرەکانەوە بگوازرێتەوە بۆ ئاستە باڵاکانی فەرماندەیی و بەڕێوەبردنی هێزەکان.

قەرزی ٣٣ ملیار دۆلاری و پەیوەندی بە بودجەی بەغدا
ڕاپۆرتەکە هەروەها باسی بارودۆخی داراییی هەرێم دەکات و دەڵێت حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی قەرزێکی نزیکەی ٣٣ میلیارد دۆلار بووەتەوە. بەرپرسانی ئەمریکا پێیان وایە هەرێم هێشتا بە شێوەیەکی سەرەکی پەیوەستە بە گواستنەوەی بودجە لە حکومەتی فیدراڵیی عێراقەوە، ئەوەش مەترسیی بەردەوامبوونی کەمیی سەرچاوە دارایییەکان و سنوورداربوونی گەشەپێدانی توانا سەربازی و ئاسایشییەکانی زیاد دەکات.

لاوازیی سیستمی بەرگریی ئاسمانی
لە بواری بەرگرییدا، پشکنەرە گشتییەکەی پێنتاگۆن ئاماژە بەوە دەکات کە هێزەکانی پێشمەرگە لاوازن لە بواری سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی. بەپێی ڕاپۆرتەکە، زۆربەی ئەو سیستمە بەرگرییانەی لە هەولێر دانراون بۆ پاراستنی هێز و دامەزراوە ئەمریکییەکان دیزاین کراون و ناتوانن بەشێوەیەکی کاریگەر تەواوی خاکی هەرێم بپارێزن.

لە ئەنجامدا، هێزەکانی پێشمەرگە، ژێرخانە گرنگەکان و دامەزراوەکانی وزە لە هەرێمی کوردستان هێشتا لە بەرامبەر هێرشە مووشەکی و فرۆکە بێفڕۆکەکاندا بێبەرگرین.

هەرێم لە نێوان هەڕەشە ئاسایشی و فشارە دارایییەکان
ڕاپۆرتەکەی پێنتاگۆن لەکۆتاییدا دەڵێت، هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا بووەتە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی ئاڵۆزی و ململانێ لەناوچەکە، بە شێوەیەکی هاوکات ڕووبەڕووی دوو قەیرانی گەورەش بووەتەوە؛ یەکێکیان هەڕەشە ئاسایشی و سەربازییەکانن و ئەوی تریش سنوورداری و گرفتە دارایی و ئابوورییەکانن، کە هەردووکیان کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر داهاتووی توانا بەرگریی و سەقامگیریی هەرێم دەبێت.