ئێران چۆن مێزەکەی بەڕوی ترەمپدا هەڵگێڕایەوە؟. گەورە نوسەرێکی ئەمریکی ئاشکرایدەکات

ڕاپۆرت

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1165 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نووسەری ناسراوی ئەمریکی تۆماس فریدمان لە وتارێکیدا لە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاماژە بەوە دەکات کە شەڕی ئەمریکا دژی ئێران گەیشتۆتە قۆناغێک کە تەنیا دوو پرسیار لەسەر مێز هێڵاوەتەوە: دۆناڵد ترەمپ چەندە ئامادەیە "تاڵاوی" سازش بچێژێت بۆ کۆتاییهێنان بەم ململانێیە، وە ئایا هەوڵ دەدات ئەم رێککەوتنە وەک "سەرکەوتنێکی گەورە" نیشان بدات سەرەڕای ئەو سازشانەی کە پێشکەشی دەکات.

 
فریدمان پێیوایە ئەگەر پاشەکشەی ترەمپ لە بەڵێنەکەی بۆ "خۆبەدەستەوەدانی بێمەرج"ی ئێران ببێتە هۆی ئەوەی تاران دەستبەرداری نزیکەی 1000 پاوەند یۆرانیۆمی پیتێندراوی نزیک لە ئاستی چەکی ئەتۆمی بێت، ئەوا ئەنجامێکی ئەرێنی دەبێت چونکە مەترسی دەستبەجێی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی لادەبات.

بەڵام هۆشداریی دەدات لەوەی نابێت گەلی ئەمریکا بڕوا بەوە بکات کە ئەمە رێککەوتنێکی بێخەوشە، چونکە هێشتنەوە و بەهێزکردنی پێگەی کۆماری ئیسلامی لێدەکەوێتەوە لە کاتێکدا کە لە لاوازترین دۆخی خۆیدا بوو لەبەردەم گەلەکەیدا، بۆیە ترەمپ و تیمی باڵای ئیدارەکەی وەک جەی دی ڤانس، پیت هیگسێت و مارکۆ ڕۆبیۆ، وەک ئەو گروپە لە مێژوودا دەمێننەوە کە دەرفەتی دووەمی ژیانیان بەخشییە کۆماری ئیسلامی.

راپۆرتەکە روونیدەکاتەوە کە هەر رێککەوتنێک بۆ گێڕانەوەی یۆرانیۆمی ئێرانی، لە بەرامبەر سووککردنی قۆناغ بە قۆناغی سزاکانی سەر هەناردەی نەوتی ئێران دەبێت، ئەمەش پارەیەکی زەبەلاح دەڕژێنێتە خەزێنەی تارانەوە کە بۆ سەرکوتکردنی ناوخۆیی و پشتیوانیکردنی هاوپەیمانەکانی لە لوبنان، عێراق و یەمەن لە لایەکی ترەوە بەکاردێت.

 فریدمان لە زاری شارەزایانی چەک داماڵینەوە دەڵێت ترەمپ لە ئامانجی "گۆڕینی رژێم"ەوە بەرەو رێککەوتنێکی پراگماتی هاوشێوەی رێککەوتنەکەی ساڵی 2015ی ئۆباما هەنگاوی ناوە کە خۆی لە ساڵی 2018دا لێی کشایەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی تووڕەکردنی لایەنگرە توندڕەوەکانی.

 وتارەکە رەخنە لەوە دەگرێت کە ئیدارەی ئەمریکا بەبێ پلانێکی ستراتیژی و بە پشتبەستن بە پێشبینییەکانی بنیامین نەتانیاهۆ کە گوایە رژێمی ئێران خێرا دەڕووخێت، چووە ناو شەڕەکەوە. هاوکات لێکدانەوەی هەڵە بۆ پەرچەکرداری ئێران کرابوو کە توانی بە داخستنی گەرووی هورمز، کە 20%ی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، سێکتەری وزە و ئابووری جیهان بخاتە ژێر گوشارەوە.

نووسەر دەڵێت:  تاران لە رێگەی درۆن، مووشەک و بەلەمی خێراوە "چەکێکی تێکدانی بەکۆمەڵ"ی دۆزیوەتەوە کە دەتوانێت هەمیشە هەڕەشە لە دەمارە سەرەکییەکانی وزە بکات، ئەم دۆخەش پەیامێکی توندی ئاراستەی هاوپەیمانانی ئەمریکا لە کەنداودا کرد، بەتایبەت دوای ئەوەی هێرش کرایە سەر ژێرخانی وزەی قەتەر و هەناردەکەی بۆ چەندین ساڵ پەکخرا.

لە کۆتاییدا، فریدمان جەخت دەکاتەوە کە لاوازکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ئامانجێکی شەرعییە، بەڵام نەبوونی پلانی گشتگیر و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ناسەقامگیری بڕیارەکانی ترەمپ لە بابەتەکانی وەک "ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام"، دەبنە هۆی بەهێزبوونی پێگەی جیۆپۆلەتیکی و ئابووریی ئێران لە ناوچەکەدا، و هەر دەستکەوتێکی سەربازیی کاتی نابێت رای گشتیی پێ هەڵبخەڵەتێنرێت.