پەیامێكی ئاگرین لەئەمریكاوە بۆ ئێران.. ڕێككەوتن یان دوبارە هێرش و جەنگ

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 407 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزیری جەنگی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی ئامادەیە هێرشەکان بۆ سەر ئێران دەستپێبکەینەوە ئەگەر نەکەونە رێککەوتن و دەڵێت، ئێران تەنها دەتوانێت بەزوترین كات بڕیاربدات ڕێككەوتن یاخود دوبارە دەستپێكردنەوەی هێرشەكان هەڵبژێرێت. 


پیت هیگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا، لەسەنگافورە ڕایگەیاند،"توانای دەستپێکردنەوەی هێرشەکانمان هەیە ئەگەر پێویست بکات، ئێمە لەوە زیاتر توانامان هەیە".
ئاماژەی بەوەش کرد، کۆگا سەربازییەکانیان چ لەناوچەکە و چ لەجیهان زیاتر لەپێویستن و لەدۆخێکی زۆر باشدان.

وەزیری جەنگی ئەمریکا لەمیانی وتارێکیدا لەکۆڕبەندی دیالۆگی شانگریلا جەختی کردەوە، ئەمریکا پشتی لەناوچەی ئاسیاو زەریای هێمن نەکردوە، سەرەڕای تێوەگلانی لەململانێ لەگەڵ ئێران، وتیشی: "دەتوانین لەیەک کاتدا دوو کار ئەنجام بدەین. بنکەی پیشەسازی بەرگریمان بەشێوەیەکی بەرچاو بەهێز دەکەین، بەجۆرێک لەئاییندەیەکی نزیکدا قەبارەی بەرهەمهێنانی تەقەمەنی دەبێتە دوو یان سێ و چوار هێندە، بۆ دڵنیابوون لەدابینکردنی بودجەی پێویست بۆ هەموو پلانە ئۆپراسیۆنییەکانمان لەجیهاندا."

سەبارەت بەهەڵوێستی سەرۆکایەتی ئەمریکا، هیگسێت وتی، دۆناڵد ترەمپ ئارامەو دەیەوێت رێککەوتنێکی گەورە واژۆ بکات کە دەستەبەری ئەوە بکات ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

ئەمە لەكاتێكدایە، ترەمپ رۆژی ڕابردوو ڕایگەیاند، کۆبونەوەیەک لەژوری پارێزراوی کۆشکی سپی ئەنجام دەدات بۆ دەرکردنی بڕیاری کۆتایی سەبارەت بەپێشنیازی کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ ئێران". پێشنیازەکە درێژکردنەوەی ئاگربەستەکەی سەرەتای مانگی نیسان بۆ ماوەی 60 رۆژی دیکە لەخۆ دەگرێت، تاوەکو دەرفەت بەدانوستانکاران بدرێت بگەینە کۆتاییەکی هەمیشەیی بۆ ململانێکان.