شارپرێس:
دوای بەرزبونەوەی ئاستی
ئاوی روباری فورات و ژێرئاوکەوتنی چەند شوێنێک لەناو خاکی سوریا، ئیدارە خۆجێیەکانی
پارێزگای ئەنباری رۆژئاوای عێراق ئامادەباشییان بۆ ئەگەری دروستبونی لافاو
راگەیاند، بەتایبەتیش لە قەزاکانی قائیم، راوە و عانە.
ترکی محەمەد، قائیمقامی
قەزای قائیم لە ئەنبار بە ئاژانسی هەواڵی "واع"ی عێراقی راگەیاندوە،"
دوای ئەوەی زانیاریمان پێگەیشت کە لەبەنداوی تەبقە لەناو خاکی سوریاوە ئاوێکی زۆر
بۆ ناو روباری فورات بەردراوەتەوە، لەسەر راسپاردەی پارێزگاری ئەنباری دەستمان بە
جێبەجێکردنی پلانێکی بەپەلە کرد بۆ روبەڕوبونەوەی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو ".
ئەوەشیخستەڕوو،" دوای
بەدواداچونەکان دەرکەوت هەندێک شوێنی نزیک لەروباری فورات بەهۆی نزمییانەوە ئەگەری
ژێرئاوکەوتنیان هەیە، بۆیە دەستمانکرد بە دروستکردنی بەربەرست لەڕێی خۆڵ و مادە
کۆنکریتییەکانەوە، بەتایبەتیش لە قەزای رومانە ".
هاوکات، خالید وەلید،
قائیمقامی قەزای راوە باسی لەوەکرد،" تاکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی بەرزبونەوەی
نائاسایی لەئاستی ئاوی فورات بەدینەکراوەو تیمەکانمان بەردەوام چاودێری ئاستی
ئاوەکە دەکەن".
وتیشی،" هەموو فەرمانگە
خزمەتگوزاری و ئەمنییەکانمان لەئامادەباشی تەواودان، ئەو شوێنانەش کە خەڵکی تێدا
دەژین بەرزن و دورن لە رێڕەوی روباری فورات، ئەوەش مەترسییەکانی کەمکردوەتەوە".
