شارپرێس:
لیندسی گراهام، سیناتۆری ئەمریکی ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ بەڕێككەوتنێكی خراپ لەگەڵ ئێران ڕازی نابێت و دەڵێت، داواکارییەکانی ترەمپ كە کردنەوەی گەروی هورمزو دەستپێکردنی دانوستان بۆ کۆتاییهێنان بەخەونە ئەتۆمییەکانی ئێران و ڕاگرتنی پاڵپشتییەکانی بۆ تیرۆر دەبێت جێگیربكرێن.
لیندسی گراهام، سیناتۆری ئەمریکی لەپۆستێکدا لەپلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند،"دڵنیام ترەمپ لەکۆتاییدا ڕەزامەند نابێت لەسەر هیچ رێککەوتنێکی خراپ لەگەڵ ئێران".
ئەو سیناتۆرە ئەمریکییە لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە رێگە بەئیسرائیل بدرێت ئەو هەڕەشانە پوچەڵ بکاتەوە کە بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی حزبوڵڵای لوبنانەوە ڕوبەڕوی دەبنەوە، وتیشی، "هەندێک ناوچە لەئیسرائیل بەهۆی بۆردومانەکانی حزبوڵڵاوە بەموشەک و گولە تۆپ، چیتر بۆ ژیان گونجاو نین".
گراهام باسی لەوەش کرد، داواکردن لەئیسرائیل بۆ قبوڵکردنی ئاگربەست لەگەڵ حزبوڵڵا شتێکی ناعەقڵانییە، چونکە حزبوڵڵا خواستی خۆی بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل ڕاگەیاندوەو هێرشەکانی بەردەوامن، هەر ئاگربەستێک لەگەڵ حزبوڵڵا، رێگەیان بۆ خۆش دەکات سەرلەنوێ خۆیان پڕچەک بکەنەوەو هێزی زیاتر کۆبکەنەوە.
هەروەها دەڵێت،"بە بڕوای من، نابێت هیچ پەیوەندییەک لەنێوان رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران و توانای ئیسرائیل بۆ بەرەنگاربونەوەی هێرشەکانی حزبوڵڵا لەلوبنان هەبێت".
