پلەبەرزكردنەوەی 1300 ئەفسەر واژۆ دەكرێت

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 126 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم، واژۆی لەسەر خشتەکانی پلەبەرزکردنەوەی 1385 ئەفسەری هێزەکانی 70، پشتیوانی و بەرگری و فریاکەوتن کرد.


وەزارەتی پێشمەرگە لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، واژۆی لەسەر خشتەکانی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی (فەرماندەیی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە، هێزەکانی پشتیوانی یەک، هێزەکانی پشتیوانی دوو، و فەرماندەیی هێزەکانی بەرگری و فریاکەوتن) کردوە.

بەگوێرەی وەزارەتەکە، لەم خولەدا 1385 ئەفسەر لەسەرجەم ئەو هێزانە پلەکانیان بەرزکراوەتەوە. 

لەگەڵ واژۆکردنی خشتەکەدا، وەزیری پێشمەرگە پەیامێکی ئاراستەی ئەفسەران کرد، "ئەم پلەبەرزکردنەوەیە، شایستەییەکی یاسایی و دەرەنجامی ڕاستەوخۆی دڵسۆزی، ماندوبون و شەونخونی ئێوەی تێکۆشەرە لەڕاپەڕاندنی ئەرکەکانتان و پاراستنی خاکی پیرۆزی کوردستان."

شۆڕش ئیسماعیل ئاماژەی بەوەشكرد، "خۆشحاڵین هەوڵەکانمان لەرێکخستنەوەو ئاساییکردنەوەی پرۆسەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە سەرکەوتوبو، ئێستا پرۆسەکە بەشێوەیەکی ئاسایی و یاسایی لەکات و وادەی خۆیدا جێبەجێ دەکرێت."

وەزیری پێشمەرگە لەکۆتایی پەیامەکەیدا هیوای سەرکەوتنی بۆ ئەفسەران خواست و ڕاشیگەیاند، دڵنیایە ئەم قۆناغە نوێیەی پلەبەرزبونەوە دەبێتە پاڵنەرێکی بەهێزتر بۆ بەردەوامبون و پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا.