حزبوڵا ئەرکی "زەیدی" بۆ داماڵینی چەکی میلیشیاکان قورس دەکات و چەکەکانیان دەکڕێتەوە

عیراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 231 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەکاتێکدا عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکی گەورە دەبێتەوە بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکەی سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، کەتائیبی حزبوڵای عێراقیی نزیک لە ئێران، بە توندی دژی ئەم بڕیارە وەستاوەتەوە.

 
گروپەکە ڕایگەیاندووە کە دەستبەرداری چەکەکانی نابێت و پرۆسەی جیهاد بە ئەرکێکی کیفایی دەزانێت، تەنانەت ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ کڕینەوە و وەرگرتنی چەکە تایبەتەکانی وەک درۆنی خۆکوژی، موشەکی کروز و دژە تانک لەو گرووپ و هێزانەی کە دەیانەوێت چەک دابنێن.

ئەم هەنگاوەی کەتائیبی حزبوڵڵا وەک ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبینرێت، کە واشنتۆن ئەم گروپە بە ئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی تۆمەتبار دەکات.

کەتائیبی حزبوڵا کە لە ساڵی 2007 لەلایەن ئەبو مەهدی موهەندیسەوە دامەزراوە، لە ساڵی 2009ـەوە لەلایەن ئەمریکاوە خراوەتە لیستی تیرۆرەوە.

موهەندیس خۆی لە ساڵی 2020 لەگەڵ قاسم سلێمانیی لە هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکادا لە بەغداد کوژرا.

لە نوێترین پێشهاتیشدا، واشنتۆن پرۆسەی دادگاییکردنی محەمەد سەعدی تەمەن 32 ساڵ و سەرکردەی دیاری گروپەکە بەڕێوەدەبات، کە لە ناوەڕاستی ئایاری ڕابردوودا لە تورکیا دەستگیرکرا بە تۆمەتی پلاندانان بۆ ئەنجامدانی هێرش لە ئەوروپا و ئەمریکا.