شارپرێس:
دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، بڕیاریدا
گرێبەستەکەی لەگەڵ کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم هەڵبوەشێنێتەوەو دەڵێت، کۆمپانیاکە
پابەند نەبوە بە گرێبەستەکان و دانەوەی قەرزەکانی.
دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق لەڕاگەیەنراوێکدا
ئاماژەی بەوەکرد،" سەرباریی ئەوەی مۆڵەت و دەرفەتی پێویست بە کۆمپانیای کۆڕەک
تیلکۆم درا بۆ ئەوەی دۆخی یاسایی خۆی رێکبخاتەوەو پابەندبوونە دارایی و یاساییەکانی
جێبەجێ بکات، بەڵام کۆمپانیاکە بەندەکانی گرێبەستەکانی جێبەجێ نەکردوەو بەهۆیەوە
سەرجەم کارەکانی راگیراوە".
دەستەی راگەیاندن و
پەیوەندییەکان راشیگەیاند، دەست دەکەن بە
گرتنەبەری ڕێکارە یاسایی، ڕێکخستن و هونەرییەکان بەرامبەر بە سامان و سەرمایەی کۆمپانیاکە،
ئەمەش لەپێناو پاراستنی مافی دەوڵەت، هاوڵاتییان و سامانی گشتیدا.
رونیشیکردەوە، ئەم بڕیارە پاڵپشت بە بڕگەکانی (12، 13،
15، 16)ی ماددەی پێنجەم لە گرێبەستی ڕێککەوتنی نێوانیان دراوە.
دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان باسی لەوەشکرد، بە هەماهەنگی
لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، بەدواداچون بۆ لێکەوتەکانی
ئەم بڕیارە دەکەن بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەکان و سەپاندنی پابەندبونەکان بەسەر کۆمپانیاکەدا.
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا،
دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان داوا لە سەرجەم دامەزراوە فەرمی و نافەرمییەکان
و هاوڵاتییان دەکات پابەندی بەم بڕیارە بن و هیچ جۆرە مامەڵە و گرێبەستێکی نوێ لەگەڵ
ئەو کۆمپانیایە نەکەن، جەختیش دەکاتەوە کە کۆمپانیای کۆڕەک بەتەواوی بەرپرسیارێتییە
یاسایی و داراییەکانی لێکەوتەی ئەم بڕیارە لە ئەستۆ دەگرێت
