هاوسەرۆكی دەم پارتی هۆشداری لەرەوشی خراپی توركیا دەدات

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 213 جار خوێندراوه‌ته‌وه



شارپرێس:

تونجەر باكرهان هاوسەرۆكی دەم پارتی لە كۆبوونەوەی فراكسیۆنی پارتەكەی لە پەرلەمانی توركیا رایگەیاند، توركیا بەهۆی بوونی قەیرانی ئابووری، دووچاری قەیرانی سیاسییش بووەتەوەو دۆسیەی جەهەپەش نیشانەیەكی ڕوونی ئەم قەیرانەیە و بە پێشێلكردنی ڕوونی یاسا و دیموكراسی لێكدایەوە.

تونجەر باكرهان دەڵێت، بە هیچ شێوەیەك قبووڵی ناكەن كە بە بڕیارنامەی دادگا ئیرادەی دەنگدەران پێشێل بكرێت، كەسیش ناتوانێت وامان لێ بكات قبووڵی بكەین. زۆر بە ڕوونی دەڵێین ؛بۆ ئێمە كلیلی سیاسەتی توركیا، بریتییە لە شەرعییەتی دیموكراتیك. لەبەرئەوە بە ئاشكرا ڕایدەگەیەنین ئەو بڕیارەی كە دادگای تێهەڵچوونەوە داویەتی تەنها پارتێكی سیاسی نا، بەڵكوو دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر هەموو سیاسەت، گۆڕەپانی كۆمەڵگەی مەدەنی، ژیانی دیموكراتیك و مافی ڕێكخراوبوون. 

دەشڵێت، بەم بڕیارە هیچ گەرەنتییەكی سەلامەتیی پارتە سیاسییەكان و كۆمەڵگەی مەدەنی نەماوە. پێویستە دادگای باڵا كۆببێتەوە و كۆتایی بەم دۆخە سەیر و سەمەرەیە بهێنێت. 

هەروەها باكرهان رونیكردەوە، پێویستە لە توركیا ڕێگە لە بەردەم ژیانی دیموكراتیك و مەدەنی بكرێتەوە. نادادپەروەری بە هەڵكوتانە سەر دەستپێدەكات، بەڵام هەرگیز تا سەر نابێت‌و ئەو تێڕوانینەی كە ئەمڕۆ دەرگای پارتێك دەشكێنێت، سبەینێ دەچێتە بەر دەرگای هەموو پارتەكان.

هاوسەرۆكی دەم پارتی هۆشداری دەدات، ئەمەمان لە ڕابردووشدا بینی و ئەزموونمان هەیە. ئەو پۆلیسانەی كە ئەمڕۆ چوونە سەر جەهەپە، سبەینێ دەچنە بەر دەرگای ئاكەپەش. ڕۆژێك دەچنە سەر مەهەپە، دەڤا، پارتی گەلەجەك و پارتی سەعادەتیش. هەر خۆی هەموو كات هاتوونەتە بەر دەرگای ئێمە و هەڵیانكوتاوەتە سەر باڵەخانە و ماڵەكانمان. ئێمە بە باشی ئەم نادادپەروەرییە دەناسین. ئەویش ئێمە بە باشی دەناسێت. ئەم تێڕوانینە ئەگەرچی بێتە بەر دەرگاشمان، هیچی دەستناكەوێت، سیستەم خۆشی ئەمە دەزانێت.