شارپرێس:
بە وتەی هاووڵاتیانی گوندەكانی سنوری سەرێكانی گروپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا دەستیان بەسەر زەوی و زاری گوندنشیناندا گرتووە.
خدر زاهیر سینۆ هاووڵاتییەكی كۆچبەری خەڵكی گوندی خربە چەمۆ لە سنوری سەرێكانی سەردانی گوندەكەی كردووە و بینیویەتی چەكدارەكانی توركیا دەستیان بەسەر زۆرێك لە زەوی گوندنشینەكاندا گرتووە.
ئەو هاووڵاتییە دەڵێت, سەردانی گوندەكەم كردووەو پێنج دۆنم گەنم و جۆ چێندراوە، ویستم لە كرێكارەكان نزیك ببمەوە و قسەیان لەگەڵ بكەم بۆ ئەوەی زەوییەكەم پێ بدەن، بەڵام ڕێگەیان پێنەدام نزیك ببمەوە، ویستم لەوە تێبگەم كە كێ خاوەنی زەوییەكەمە، بەڵام ئەوان تەنیا پێیان وتم كە ئەو كەسە ناوی موعلیمە و هیچی دیكەیان پێ نەوتم، پێم وتن كە من خاوەنی ئەم زەوییەم و ساڵانێكە زەوییەكەم بۆ خۆیان دەچێنن، داوام لێكردن لە زەوییەكەم دەربچن، بەڵام ڕێگەیان پێنەدام لە زەوییەكەم نزیك ببمەوە.
ئەو هاووڵاتییە داواش دەكات، گوندنشینەكان بە سەلامەت بگەڕێنەوەو داوای گەڕاندنەوەی موڵك و ماڵە دەست بەسەرداگیراوەكانی كرد.