شارپرێس:
ڕاوێژکاری ئاسایشی
نیشتمانى عێراق سەرجەم ئەو دەنگۆیانە بەدرۆدەخاتەوە کە باس لەدانی باج لەلایەن بەغداوە
بەئێران دەکەن بۆ تێپەڕبون لەگەروی هورمز، ئەمەش لەکاتێکدایە کە هێزەکانی ئەمریکا ڕێڕەوی
دەیان کەشتیوانییان گۆڕیوەو ڕێگرییان لەچەند کەشتییەکی عێراقی کردوە.
قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری
ئاسایشی نیشتمانى عێراق درەنگانی شەوی ڕابردوو لهپهیامێكدا ڕایگهیاند، "ئەو
قسانەی لهبارهى پێدانی پارە لەلایەن عێراقەوە دەکرێن بهئێران، ناڕاستو بێ بنەمان،
لایەنی ئێرانی پێشتر بەفەرمی ڕایگەیاندوە، عێراق لەهەموو جۆرە ڕێکارێکی تایبەت بەتێپەڕبون
لەگەروی هورمز بەخشراوە".
ئەمریکا ڕێگریی
لەکەشتییە عێراقییەکان دەکات
لێدوانەكهى ئەعرەجی
دوای ئەوەدێت، هێزەکانی ئەمریکا ڕێگرییان لەتێپەڕبونی ژمارهیهك کەشتی گواستنەوەی
نەوتی عێراقی کرد لەگەروی هورمز، هۆکاری ڕێگرییەکەی ئەمریکاش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە،
واشنتۆن بەغدای تۆمەتبارکردوە بەوەی، باجی تێپەڕبونی بەلایەنی ئێرانی داوە.
سوپای ئەمریکا ڕایگەیاندوە،
لەچوارچێوەی چاودێریکردنی گەروەکەدا، ڕێڕەوی 129 کەشتی بازرگانییان گۆڕیوەو ڕێگرییان
لەشهش کەشتی دیكهش کردوە کە پابەندی ڕێنماییەکان نەبون.
بارکردنی نەوت
لەبەندەرەکانی بەسرە بەردەوامە
سەرباری ئەم
گرژییانە، سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشكرایكردوه، کەشتییەکی زەبەلاحی گواستنەوەی نەوتی
چین، کە توانای هەڵگرتنی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەیە، پرۆسەی بارکردنی نەوتی
لەبەندەرەکانی بەسرە بۆ کۆمپانیای نیشتمانی (سۆمۆ) بەسەرکەوتویی کۆتایی پێهێناوەو
ئامادەکاریی دەکات بۆ بەڕێکەوتن بەرەو شوێنی مەبەست.
