شارپرێس:
پرسى کۆنترۆڵکردنی
چەک بەدەستی دەوڵەتەوە پشتیوانییەکی بەرفراوانی ئاینیو نیشتمانی بەدەستدەهێنێت،
دوای ئەوەی پێشەواو وتاربێژی گەورەترین مزگەوتی سوننە لەبەغدا ستایشی هەنگاوەکانی
حکومەتی کرد بۆ بێچەککردنی گروپە چەکدارەکان.
شێخ عەبدولوەهاب
سامەڕائی ئیمامو وتاربێژی نوێژی هەینی لەمزگەوتی (ئەبو حەنیفەی نەعمان) لەبەغدا ڕایگەیاند،
پاراستنی ئاسایش مەلەفێکی سەروەرییەو پێویستە تەنها لەدەستی دەسەڵاتە فەرمییەکانی
وڵاتدا بێت.
سامەڕائی وتی،
"سوپاسی حکومەت دەکەین بۆ ئەم هەنگاوە گرنگە کە هیوادارین سەقامگیرییو پێکەوەژیان
بەدیبهێنێت، چونکە هیچ ئاسایشێک نابێت کاتێک چەند لایەنێک چەکداربنو لایەنەکانی دیكهش
بێچەک".
ئەم هەڵوێستە
ئاینییە هاوکاتە لەگەڵ ڕاگەیاندنی فەرمی فهریق سەعد مەعن سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی
ئەمنی کە ئاشکرایکرد، یەکەم هەنگاوی کرداری بۆ داماڵینی چەکی گروپەکانو تێکەڵکردنیان
بەدەزگا فەرمییەکان دەستیپێکردوە، ئەمەش دوای ئەوەهات، هێزەکانی سەرایا سەلام (باڵی
چەکداریی پێشوی سەدر) دەستیانکرد بەڕادهستكردنى بارەگاو چەکەکانیان لەشاری سامەڕا.
لەبەشێکی دیكهى
وتارەکەیدا، شێخ سامەڕائی ئاماژەی بەبڕیارەکەی عەلی زەیدی سەرۆک وەزیران کرد بۆ پێکهێنانی
ئەنجومەنی باڵای سەروەریی بۆ دەستپاکیو چاودێرییو گەڕاندنەوەی ماڵی گشتییو داوایکرد،
ئەنجومەنەکە بەتوندیو بێ جیاوازیی دژی ههموو لادهران لهیاسا بوەستێتەوە.
ئەم ئەنجومەنە
نوێیە کە لەکۆتایی مانگی ئایاردا پێکهێنراوە، ئامانجی ڕاگرتنی بەهەدەردانی سامانی
گشتییو ناردنی دۆسیەکانە بۆ دادگا بەمەبەستی پاراستنی متمانەی گەل بەحکومەت.
