شارپرێس:
سەرۆکی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، ئێران بەپشکنینی هەمیشەیی و وردی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ڕازی بوەو دەشڵێت، بەبێ ئەم ڕازیبوونەی تاران هیچ گفتوگۆیەک لەنێوانیاندا نەدەکرا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەپەیامێکدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیاڵ ڕایگەیاند، سەرباری پڕوپاگەندەو هەواڵە چەواشەکارییەکانی میدیاکان بۆ بچوککردنەوەی سەرکەوتنەکانی واشنتۆن، ئێران بەتەواوی ڕازی بوە لەداهاتودا لەسەر بەرزترین ئاست پشکنین بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەکانی بکرێت بۆ هەمیشە.
سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت، ئەم هەنگاوە دڵنیایی دەداتە دەستپاکی ئەتۆمی و بەبێ ئەم ڕازیبوونەی تاران هیچ گفتوگۆیەک لەنێوانیاندا نەدەکرا.
ترەمپ جەخت دەکاتەوە، بڕیاری داوە گەروی هورمز بەکراوەیی بمێنێتەوەو گەمارۆی دەریایی هەڵبگرێت، بەڵام هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا لەشوێنی خۆیان دەمێننەوە بۆ هەر ئەگەرێکی دوبارە سەپاندنەوەی گەمارۆکە، هەرچەندە پێی وایە ئەمە ڕونادات.
سەبارەت بەسزاکان و پارە ئازادکراوەکانی ئێران، سەرۆکی ئەمریکا ڕونی کردەوە، ئەو پارانە دەخرێنە هەژمارێکی تایبەتەوە لەژێر کۆنترۆڵی واشنتۆن و تەنها بۆ کڕینی خۆراک و پێداویستیی پزیشکی بەکاردەهێنرێن. پێویستە ئەو خۆراکەش ڕاستەوخۆ لەجوتیارانی ئەمریکا بکڕدرێت، لەوانە گەنم و گەنمەشامی و سۆیا.
لەکۆتایی پەیامەکەیدا، ترەمپ جەخت دەکاتەوە قەیرانێکی مرۆیی لەئێران هەیەو پێویستە ئێستا هاوکارییان بکرێت پێش ئەوەی کات بەسەر بچێت، هاوکات دڵنیایی دەدات گفتوگۆکان زۆر بەباشی بەڕێوە دەچن.
ئەم پەیامەی ترەمپ دوای ئەوەدێت، لەچەند ڕۆژی ڕابردودا بەنێوەندگیریی قەتەرو پاکستان، دانوستانێکی نوێ لەسویسرا لەنێوان ئەمریکاو ئێران بەڕێوەچو و ڕێككەوتن كراوە كەبەشێك لەپارە سڕكراوەكانی ئێران ئازادبكرێت و نەوتی وڵاتەكەش هەناردەی بازاڕەكانی جیهان بكرێت.
