وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشکرایکرد، لە سەرەتای مانگی موحەڕەمەوە تاوەکو ئێستا، بە تۆمەتی یاریکردن بە نرخی دۆلار 77 تۆمەتبار دەستگیر کراون، جگە لەوەش رێکاری یاسایی بەرامبەر 65 تۆمەتبار گرتوەتەبەر کە دەستکاریی نرخی خۆراکی سەرەکی هاووڵاتیانیان کردووە.
لیوا میقداد میری، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا باسی لەوەکردووە، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی ئابووری و تەندروستی و پاراستنی هاووڵاتییان لە مانگی موحەڕەمدا، بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی رێکخراو بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنە مەیدانییەکانی لە بەغدا و سەرجەم پارێزگاکان.
بە وتەی لیوا میقداد میری، لە سەرەتای مانگی موحەڕەمەوە تاوەکو دوێنێ سێشەممە، رێکاری یاسایی بەرامبەر 65 تۆمەتبار گرتوەتەبەر کە دەستکاریی نرخی خۆراکە سەرەکییەکانی هاووڵاتیانیان کردووە، هەروەها 77 تۆمەتباری دیکەش کە یارییان بە نرخی ئاڵوگۆڕی دراو کردووە، دەستگیر کراون.
هاوکات هێزەکانی ناوخۆ دەستیان بەسەر 34 تۆن خۆراکی ماوەبەسەرچوودا گرتووە و رێکاری یاسایییان بەرامبەر تۆمەتباران گرتووەتە بەر، جیا لەوەش 22 تۆمەتبار بەهۆی سەرپێچیی پەیوەست بە لایەنی تەندروستییەوە دەستگیر کراون.
