چین بەدروستکردنی پێشکەوتوترین کۆمپیوتەر پێش ئەمریکا کەوتەوە

هەمەڕەنگ

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 316 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
کۆمپیوتەرێکی هەرە پێشکەوتووی چینی بە ناوی "لاین شاین"، توانی پلەی یەکەمی بەهێزترین کۆمپیوتەرەکانی جیهان بەدەستبهێنێت و کۆتایی بە باڵادەستیی نزیکەی 10 ساڵەی ئەمریکا لەم بوارەدا بهێنێت. 

 
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی "فرانس پرێس"، ئەم ئامێرە لە سەرووی لیستی 500 بەهێزترین کۆمپیوتەری جیهاندا جێگیر بووە، کە لە کۆنفرانسی "ISC" لە هامبۆرگی ئەڵمانیا ڕاگەیەندرا.

ئەمە یەکەمجارە لە ساڵی 2017ەوە کۆمپیوتەرێکی چینی بچێتە سەرووی ئەم لیستە، کە لە ساڵی 1993وە ساڵانە دوو جار بڵاودەکرێتەوە و وەک پێوەرێکی ناڕەسمی بۆ توانای کۆمپیوتەریی جیهانیی دادەنرێت.

 "لاین شاین" کە لە شاری شنژن جێگیرکراوە، کۆمپیوتەری ئەمریکی "ئێل کاپیتان"ی سەر بە وەزارەتی وزەی ئەمریکای خستە پلەی دووەم. خێرایی ئەم کۆمپیوتەرە گەیشتووەتە 2.2 "ئێکسا فلۆپ" لە چرکەیەکدا.
گرنگیی ئەم سەرکەوتنە لەوەدایە کە "لاین شاین" بە تەواوی بە پڕۆسێسەری دروستکراوی ناوخۆیی چین کاردەکات، نەک چیپی ئەمریکی.

 سەرەڕای ئەمەش، ئەمریکا هێشتا 3 پلە لە 4 پلەی یەکەمی لیستی بەهێزترینەکانی لایە، کە تێیدا کۆمپیوتەری "ئێل کاپیتان" لە تاقیگەی نیشتمانی لۆڕێنس لیڤەرمۆر لە کالیفۆرنیا لە پلەی دووەمدایە، و کۆمپیوتەری "جوبیتەر بۆستەر"ی ئەڵمانیش لە پلەی پێنجەمدایە.

بەپەلە