عێراق ڕێگەیەكی دیكە بۆ هەناردەكردنی نەوتەكەی دەدۆزێتەوە

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 552 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ڕایگەیاندووە کە هەناردەی نەوتی کەرکووک لە 4 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ 7 ملیۆن بەرمیل لە مانگێکدا زیادی کردووە، جەختیشی کردۆتەوە کە کار دەکەن نەوت لەڕێگای بەندەری بانیاسی سوریاوە هەناردە بکەن.

عەلی نزار، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە بە تۆڕی هەواڵی عێراقی (واع)ی ڕایگەیاند کە هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی دەروازەی باشوورەوە لە کاتی قەیرانی هورمزدا گەیشتووەتە 444 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ئەمەش سەرەڕای تەحەددییەکان دەستکەوتێکە لە چاو وڵاتانی ناوچەکەدا.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە عێراق سەرکەوتوو بووە لە بەبازاڕکردنی هەندێک بەرهەمی نەوتی و گۆگرد لە ڕێگەی سووریا و ئوردنەوە کە داهاتەکەی ئاستی پێش قەیرانی تێپەڕاندووە.

 نزار ڕوونیکردۆتەوە کە بارکردنی نەوتهەڵگرەکان 20 بۆ 25 ڕۆژی دەوێت بۆ گەیشتن بە بازاڕەکان، و پێشبینی دەکات بە گەڕانەوەی کۆمپانیاکانی دڵنیایی بۆ کەنداو، تێچووی گواستنەوە و دڵنیایی کەم بێتەوە.

هەروەک وتویەتی کە سیاسەتی سۆمۆ پشت بە هەمەجۆرکردنی بازاڕەکان دەبەستێت؛ لەم چوارچێوەیەدا و دوای ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران، لێکتێگەیشتن لەگەڵ سووریا هەیە بۆ ئەگەری کێشانی هێڵێکی بۆری نەوتی خاو بەرەو بەندەری بانیاس.

 لە کۆتاییدا ئاماژەی بە پلانێکی ستراتیژی کردووە کە لە ساڵی 2010وە داڕێژراوە بۆ پەرەپێدانی کەرتی لۆجیستی، وەک کڕینی کەشتیی نەوتهەڵگری عێراقی و دروستکردنی کۆگای دەرەکی، لەگەڵ فراوانبوونی زیاتر لە بازاڕەکانی ئاسیا وەک چین، کۆریا و سەنگاپوورە، سەرباری ئامادەبوون لە بازاڕەکانی ئەورووپا و ئەمریکا.

بەپەلە