شارپرێس:
پەرلەمانتارێكی پەرلەمانی عێراق مژدەی قۆناغێكی نوێ لەتەوتینكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم ڕادەگەیەنیت و دەڵێت، وەزیری دارایی عێراق نوسراوی تەوتینی ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان و سەرۆك وەزیران كردوە.
ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لەئەكاونتی فەرمی خۆی بڵاویكردەوەو دەڵێت،" لەدوای ئەوەی بەندەو برای بەرێزم دکتۆر غالب بەنوسراوی فەرمی داوامان لەبەڕێز فالح ئەلساری، وەزیری دارایی عێراق کرد موچەی فەرمانبەرانی مەدەنی لەهەرێم ڕاستەوخۆ لەوەزارەتی داریی عێراقەوە بخرێتە سەر حسابە بانکییەکانیان کە ئێستا هەیانەو تەوتین بکرێت".
لەنوسینەكەیدا دەشڵێت، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق نوسراوەکەی ئاڕاستەی فەرمانگەی یاسایی کردوە بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست و نوسراوکردن بۆ ئەمیندارییەتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران و ئەمیندارییەتی گشتیی ئەنجومەنی نوێنەران، بەمەبەستی بریاردان لەسەری".
لەبارەی موچەی هێزە ئەمنییەكانیشەوە، ئەحمەدی حاجی ڕەشید وتویەتی،" داوامانکرد پەلەبکرێت لەکۆکردنەوەو وردبینیکردنی داتای هێزە سەربازی و ئەمنییەکان بەمەبەستی ئامادەکردنیان بۆ پرۆسەی تەوتین لەقۆناغی داهاتودا".
ئەم پەرلەمانتارە ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، ئەم کارە لەئەنجامی چەندین کۆبونەوەی چڕ هات لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان سوپاس بۆ خوای گەورە هەنگاوێکی گرنگی بڕیوە".
ئەمە لەكاتێكدایە، لەكابینەی پێشوی حكومەتی عێراقدا كار لەسەر تەوتینكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم كرا.
