شارپرێس:
رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە ژمارەی ئەمڕۆیدا ئاشکرایکردووە، تۆم باراک نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق لەکاتی سەردانەکەی بۆ هەولێر، تاوتوێی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدای کردووە، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەستن بە پرسی نەوتەوە.
ڕۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، کێشەی هەولێر و بەغدا لە قۆناغی داهاتوودا یاسای نەوت و گاز دەبێت، هەرچەندە بەدووریزانیوە لەم کابینەیەشدا یاساکە بنێردرێتە پەرلەمان، بەڵام وەک شەرقولئەوسەت دەڵێت، تۆم باراک لە هەولێر بە بەرپرسانی کوردی وتووە، ئامادەیە بۆ نێوەندگیریی و گەیشتن بە ڕێککەوتن.
یاسای نەوت و گاز لە ساڵی 2007ەوە کێشەیەکی گەورەی نێوان هەولێر و بەغدایە، وەک شەرقولئەوسەت باسیکردووە، تا ئێستاش ناکۆکی لەسەر ئەوە بەردەوامە کە ئایا هەرێمی کوردستان مافی ئەوەی هەیە ڕاستەوخۆ گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکاندا واژۆ بکات و پڕۆژەی نەوتی سەربەخۆ جێبەجێ بکات، یان حکومەتی فیدراڵی بەپێی دەستوور و یاساکان تەنها لایەنی ڕێپێدراوە بۆ ئەم کارە، لەپاڵ بوونی جیاوازی قووڵ لەسەر کێڵگە دۆزراوەکان و جۆری گرێبەستە واژۆکراوەکان، چ لەسەر بنەمای خزمەتگوزاریی بن یان هاوبەشیی.
ماجد شەنگالی پەرلەمانتاری پێشووی پارتی بە دووری دەزانێت لەم خولەی حکومەتەکەی عەلی زەیدی دا، یاسای نەوت و گاز رەوانەی پەرلەمانی عێراق بکرێت، چونکە وەک ئەو دەڵێت: بەغدا مەیلی ناوەندێتییەکی بەهێزی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان هەیە، بۆیە پێدەچێت دۆخەکە هەر وەک پێشووتر بەردەوام بێت.
