عێراق یاسای تیرۆر بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دروستكردن و بەكارهێنانی درۆن بەكاردەهێنێت

عیراق

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 128 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق بڕیاری جێبەجێکردنی یاسای دژەتیرۆر بۆ دروستکردن، بەکارهێنان و هەڵگرتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان درۆن كارادەكات و دەڵێت، لەڕێگەی توندکردنی سزاکانەوە ڕێگری لەهەر جوڵەیەکی نایاسایی و هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی ئاسمانی وڵاتەكەی دەكات.


بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی فەرمی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ئەنجومەنی باڵای دادوەریی ڕێنمایی دادگا پسپۆڕەکانی کرد یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر (ژمارە 13ی ساڵی 2005) بەسەر هەر کەسێکدا جێبەجێ بکەن کە درۆن بۆ کاری نایاسایی دروست بکات، یان بەکاری بهێنێت، یان هەڵیبگرێت.

لەڕاگەیەندراوەكەدا هاتوە، دەسەڵاتی دادوەریی عێراق دەیەوێت کۆتایی بەفرۆشتنی هەرەمەکیی ئەم تەکنەلۆژیایە بهێنێت و ڕێگری لەبەکارهێنانی درۆنە بچوکەکان بۆ قاچاخچێتیی ماددەی هۆشبەر یان سیخوڕی بگرێت، کە مەترسیی ڕاستەوخۆن بۆ سەر سەقامگیری و ئارامیی هەموو شارەکانی عێراق.

بەگوێرەی ڕێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ بەکارهێنەرانی درۆن لەبوارەکانی وێنەگری، ئەندازیاری و کشتوکاڵ، مەرجە مۆڵەتی فەرمی لەدەزگا ئەمنییەکان وەربگرن و زانیارییەکانیان تۆمار بکەن، هەروەها دەبێت پابەندی شوێنەکانی فڕین بن و لەناوچە سەربازی و نیشتەجێبوەکان دوربکەونەوە تاوەکو توشی لێپرسینەوەی یاسایی نەبن.