ڕاپۆرتەکان: ڕفاندنی کچان و ژنان لەسوریا گەیشتۆتە ئاستێکی نیگەرانکەر

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 283 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕفاندنی ژنان و کچان لە سووریا بەردەوامە و وەک یەکێک لە نیگەرانییە گەورەکان دەمێنێتەوە، بەتایبەتیی لە سایەی بەردەوامیی تۆمارکردنی حاڵەتەکانی ونبوون و دیارنەمانی زۆرەملێ لە چەند ناوچەیەکی وڵاتەکەدا.

 
بەپێی ڕاپۆرتێکی نوێی "لۆبی ژنانی سووریا"، لە ساڵی 2025دا 82 حاڵەتی ڕفاندنی ژنان و کچان لە ناوچە عەلەویی نشینەکانی سووریا، گوندەواری حەمای ڕۆژئاوا و حومس تۆمارکراون. لەم حاڵەتانەدا، 60%ی قوربانییەکان تا ئێستا بێسەروشوێنن.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە 10%ی حاڵەتەکان کچانیان گرتۆتەوە، لەکاتێکدا 90%ی حاڵەتەکان ژنانی تەمەن 15 بۆ 40 ساڵ بوون. ئەم داتایانە قەبارەی کێشەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگەی سووریا دەردەخەن.

ئەو ژنانەی ئازادکراون، ژمارەیەکیان ڕووبەڕووی هەڕەشە و دەستدرێژی بوونەتەوە لە کاتی دەستبەسەرکردنیاندا، هەروەها، خێزانی قوربانییە بێسەروشوێنەکان هەڕەشەیان لێکراوە بۆ ئەوەی دەست لە گەڕان بەدوای کچەکانیاندا هەڵبگرن.

 لە ژمارەیەکی کەم لە حاڵەتەکاندا داوای فیدیە کراوە، بەڵام لە یەکێک لە حاڵەتەکاندا خێزانێک فیدیەی داوە بەبێ ئەوەی کچەکەیان بگەڕێتەوە.

لە پارێزگای سوەیدا، لۆبی ژنانی سوریا دیارنەمانی 190 ژن و کچی دیکەی تۆمارکردووە دوای هێرشەکانی تەمموزی ڕابردوو بۆ سەر کۆمەڵگەی دروزی، هەندێکیان دواتر دۆزراونەتەوە، بەڵام ژمارەیەکی زۆر هێشتا بێسەروشوێنن.

هەروەها، نزیکەی 60%ی ئەو ژنانەی لە کاتی توندوتیژییە تائیفییەکانی گوندەواری حەمای ڕۆژئاوا و حومس ڕفێندراون، تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە ناو خێزانەکانیان، لەکاتێکدا تەنها 40%یان ئازادکراون.