شاسوار عەبدولواحید داوای پۆستی سەرۆکی حکومەت دەکات

کوردستان

12 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 775 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:


شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایدەگەیەنێت، " لەئێستادا پارتی 39 کورسی هەیە، بەڵام هاوپەیمانێتییەکەی ئێمەو یەکێتی کورسییەکی لەپارتی زیاترە، بۆیە بڕیارمانداوە پۆستی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ هاوپەیمانێتییەکەی ئێمە و یەکێتی بێت".

شاسوار عەبدولواحید باسی لەوەشکرد،" پارتی دەبێت بزانێت بە 39 کورسییەوە زەحمەتە هەموو پۆستەکانی لەلابێت ".

ئەوەشیخستەڕوو، رێککەوتنەکەی یەکێتی و نەوەی نوێ هەندێک وردەکاری کەمی ماوەو بڕیارە تاکو کۆتایی هەفتەی داهاتوو واژۆ بکرێت.

لەبارەی هاوپەیمانێتییەکەیان لەگەڵ یەکێتی، شاسوار عەبدولواحید وتی،" من شت بە تۆڵە ناکەم، ئێمە و یەکێتی هاوسەرگیری و دڵداری ناکەین، ئێمە پرۆژەیەکی جوانمان هەیە کە خزمەتی خەڵک بکەین، ساڵی رابردوو پرۆژەیەکمان پێشکەشکردن و بەدەم بانگەوازەکەمان نەهاتن، بەڵام ئەمساڵ هاتنە پێشەوە بومان".

راشیگەیاند،"لەئێستادا لەگفتوگۆداین بۆ ئەوەی هەندێک شتی جوان هەیە بیکەینە ناو کارنامەی حکومەتەوە، ئەگەر یەکێتی کردی سوپاسیان دەکەین، ئەگەر راستگۆش نەبن لەگەڵمان لێی دەکشێینەوە ".