سەرچاوەیەکی ئاگادار لەزانکۆی سلێمانی تایبەت بە شارپرێس-ی ڕاگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە بە نوسراوێکی فەرمی د. عەبدوللەتیف ئەحمەد، مامۆستای زانکۆ، نامەی دەستلەکارکێشانەوەی لە زانکۆی سلێمانی، پێشکەشی سەرۆکایەتی زانکۆ کردووە.
سەرچاوەکەی شارپرێس باسی لەوەشکرد، سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی دەستبەجێ دەستلەکارکێشانەوەکەی د. عەبدوللەتیفیان ڕەتکردوەتەوە و پێیان ڕاگەیاندووە، دەبێت کەیسەکە بە ڕێڕەوی یاسایی خۆیدا بروات و ئەویش لە کارەکەی بەردەوام بێت تا ئەو کاتەی وەزیری خوێندنی باڵا دوا بڕیاری خۆی لەسەر ڕاپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوە دەدات.
سەرچاوەکەی شارپرێس لە زانکۆی سلێمانی ئەوەشی ئاشکراکرد، د. عەبدوللەتیف مەبەستیەتی بەو دەستلەکارکێشانەوەیە خانەنشین ببێت و ئەو مافەی پارێزراو بێت، چونکە ئەگەر وەزیری خوێندنی باڵا بڕیاری "عزل"کردنی بەسەردا بسەپێنێت، هیچ مافێک نایگرێتەوە بە خانەنشینبوونیشەوە، ئەوە جگە لەوەی بۆ هەمیشە لە کارکردن لە کەرتی گشتیی دوردەخرێتەوە.
لەبارەی بڕیارە چاوەڕوانکراوەکەی وەزیری خوێندنی باڵا ئەو سەرچاوەیە وتی: تەواوی دۆسیەی لێکۆڵینەوەکە لەبەردەست وەزیردایە، بەڵام پێناچێت بڕیاردان لەسەری بەمزووانە بێت و ئەگەری هەیە بکەوێتە کۆتایی ئەم هەفتەیە.
هاوکات، بەڕێوەبەرایەتی کاروبارى یاسایی وەزارەتی خوێندنی
باڵاو توێژینەوەی زانستی لەڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت،" ئەمرۆ یەکشەممە لەکاتی دەوامی
فەرمی دۆسیەی لێکۆڵینەوەی د، عەبدولەتیف ئەحمەد گەیشتە وەزارەت کە پێشتر لەلایەن
زانکۆی سلێمانیەوە بە ئامادەبونی نوێنەری داواکاری گشتی لێکۆڵینەوەی لەبارەوە ئەنجام
درابوو، لەسەر فەرمانی وەزیری خوێندنی باڵا ڕێکارە یاساییەکان لەلایەن تیمی بەڕێوەبەرایەتى
یاسایی و بەرپرسانی پەیوەندیدار لە وەزارەت دەستیپێکرد و ئەم دۆسییە لە چوارچێوەی یاساو
ڕێنماییە بەرکارەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت ".