نوێترین زانیاری لەبارەی موچەی مانگی شەشەوە

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 487 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەمڕۆ یەکشەممە لەعێراق دابەشکردنی موچەی مانگی شەش دەستیپێکرد، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمیش لەبەغدا دەڵێت، دابەشکردنی موچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی هەرێمیش هیچ ئاستەنگێکی لەبەردەمدا نییە.


فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم لە بەغدا لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد،" هیچ کێشەیەک لە بەردەم ناردنی موچەی مانگی شەشی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نییە ".

ئەوەشیخستەڕوو، ئەو بڕیارەی کە باس لە ناردنی 120 ملیار دینار دەکات لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەغدا دادپەروەرانە نییە، چونکە بەگوێرەی یاسا دەبێت نیوەی داهاتی نانەوتی بنێردرێت.

فارس عیسا وتیشی،" لەئێستادا شاندێکی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم لە بەغدان، دەربارەی کێشەی دەرمان و نەخۆش گفتوگۆ دەکەن، هەروەها چەند دەرمالە و شایستەیی دارایی هەن، کە وەزارەتی تەندروستی لێی بێ بەشە بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانە کۆبونەوەتەوە".

سەبارەت بە سیستەمی ئەسیکۆدا سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم باسی لەوەکرد،" شاندێکی دیکەش سەردانی بەغدا دەکات و سبەی لەگەڵ حکومەتی عێراق کۆدەبنەوە و بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجامی کۆتایی لەسەر ئەو سیستەمە".