شارپرێس:
بەغدا بەفەرمی داوای لەعەممان دهكات دەیان بەرپرسو بازرگانی داواکراو لەکەیسەکانی گەندەڵی ڕادەستبکاتەوەو دەستبەسەر تەواوی سەروەتو سامانەکانیاندا بگرێت.
سەرچاوەیەکی باڵای سیاسیی ئاشکرایکرد، عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەپرۆسەی دەرکردنی نوسراوی فەرمیدایە بۆ دەسەڵاتدارانی ئوردن، کە تێیدا داوای ڕادەستکردنەوەی چەند بازرگانو بەرپرسێکی پێشوو دەکات کە لەسەر کەیسەکانی گەندەڵی داواکراون.
میدیاکانی ئوردن لەزاری ئەو سەرچاوەیەوە بڵاویانکردوهتهوه، "نوسراوە فەرمییەکان ئەو کەسایەتییانە دەگرێتەوە کە لەکەرتە زیندوەکاندا کاردەکەن، دیارترینیان بازرگانیکردنی ئۆتۆمبێل، بەڕێوەبردنی کارگەیەکی چپسی پەتاتە، لەگەڵ نەخۆشخانەیەکی تایبەتدا".
بهگوێرهى وتەی سەرچاوەکە، "تۆمەتبارە داواکراوەکان تۆمەتبارن بەدەستبەسەرداگرتنی دەیان ملیۆن دۆلار، لەگەڵ بڕێکی زۆر لەزێڕ کە تائێستا قەبارەکەی دەستنیشان نەکراوە".
ئاماژە بەوەشکراوه، "بەغدا بەفەرمی داوای دەستبەسەرداگرتنی مۆڵەتو سەروەتو سامانی ئەو گومانلێکراوانە لەناوەوەو دەرەوەی ئوردن دەکات، ئەمەش لەچوارچێوەی فراوانبونی بازنەی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە دوای دەستبەکاربونی زەیدیی وەک سەرۆک وەزیرانو جەختکردنەوەی لەسەر دۆسیەی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی دەستیانپێکردوە".
