شارپرێس:
سەرچاوەیەکی بەرپرسی دادوەریی ڕایگەیاندووە کە دادگا تایبەتمەندەکان پارێزبەندی یاساییان لەسەر سێ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵگرتووە، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان و جێبەجێکردنی فەرمانی بانگهێشتکردن لە دژیان لە دۆسیەکانی پێوەست بە گەندەڵی دارایی.
سەرچاوەکە بەپێگەی ئاژانسی شەفەق نیوزی راگەیاندووە کە ئەم بڕیارە لەسەر داوای فەرمی لایەنە دادوەریی و چاودێرییەکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دراوە، دوای ئەوەی بەڵگە و ئاماژەی پێویست بەردەست بوون کە پێویست دەکات ئەو پەرلەمانتارانە لەبەردەم دادگا ئامادە بن بۆ گوێگرتن لە وتەکانیان و وردبینیکردنی ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەیان کراون.
لەبارەی رێکارە یاساییەکانی تری پەیوەست بە دۆسییەکانی گەندەڵی، سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاماژەی بە دەرچوونی فەرمانی ڕاوەدوونانی یاسایی بۆ ئەو بەرپرسانە کردووە کە لەسەر دۆسیەکانی گەندەڵی ئەم دواییانە بۆ دەرەوەی وڵات هەڵاتوون؛ بەجۆرێک هەڵاتنی محەمەد حەلیم، بەڕێوەبەری نووسینگەی بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن (عەلی مەعارج ئەلبەهادلی) پشتڕاستکراوەتەوە، هەروەها ئاماژە بە هەڵاتنی فەرحان، بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی کۆمپانیای گشتیی بەندەرەکانی عێراق کرا.