شارپرێس:
ئاژانسی بۆشاییگەریی ئەمریکا (ناسا) خۆی بۆ ناردنی ئەرکێکی ڕۆبۆتیی زۆر مەترسیدار و بێپێشینە ئامادە دەکات بە مەبەستی ڕزگارکردنی تەلسکۆپی کۆنی "سویفت" لە سووتان و تیاچوون لەبەرگەوای زەویدا، کە ئەمەش ڕێگا خۆش دەکات بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی کارکردنی مانگە دەستکردەکانی دیکە لە داهاتوودا.
بڕیار بوو ئەم ئەرکە دوێنێ سێشەممە دەست پێ بکات، بەڵام بەهۆی نالەباریی کەشوهەواوە بۆ ئەمرۆ چوارشەممە دواخرا.
ئەم گەشتە چەند مانگێک دەخایەنێت و تێیدا ڕۆبۆتێک بە ناوی "لینک" کە لەلایەن کۆمپانیای نوێی ئەمریکی "کاتالیست"ەوە پەرەی پێدراوە، لە ڕێگەی موشەکی بچووکی "بیگاسۆس"ەوە لە دوورگەیەکی زەریای هێمنەوە بەرەو بۆشایی ئاسمان بەڕێ دەخرێت.
پلانی کارەکە بەو شێوەیەیە کە ڕۆبۆتەکە لە خولگەیەکی نزیک لە تەلسکۆپەکە جێگیر دەبێت، پاشان لە ڕێگەی 3 قۆڵی میکانیکییەوە خۆی بە تەلسکۆپەکەوە دەبەستێتەوە و لە ماوەی یەک مانگدا بە دووری 300 کیلۆمەتر بەرەو سەرەوەی پاڵ دەنێت بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە خولگەی سەرەکیی خۆی و بتوانێت بۆ چەندین ساڵی تریش بەردەوام بێت.
تەلسکۆپی سویفت لە ساڵی 2004 بۆ تەنها ئەرکێکی 2 ساڵی بۆ لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەکانی تیشکی گاما نێردرابوو، بەڵام بەهۆی چالاکییەکانی خۆر و کشانەوەی بەرەو زەوی، مەترسیی لەناوچوونی لەسەرە.
زانایانی ناسا دەڵێن لەبەر گرنگیی زۆری تەلسکۆپەکە بڕیاریانداوە ئەرکێکی 30 ملیۆن دۆلاری جێبەجێ بکەن بۆ ڕزگارکردنی تەلسکۆپێک کە خۆی بڕی 250 ملیۆن دۆلاری تێچووە.
هەرچەندە ئەندازیاران بە تەواوی ئاگاداری شێوازی پشتەوەی تەلسکۆپەکە نین و ڕێژەی سەرکەوتنی گەشتەکە تەنها 1 لە 2 واتا 50%ـە، بەڵام ناسا و کاتالیست پێیان وایە ئەم هەنگاوە دەبێتە سەرەتای مۆدێلێکی نوێ بۆ چاککردنەوە، سووتەمەنیی تێکردنەوە و نوێکردنەوەی مانگە دەستکردەکان لە داهاتوودا.