قوباد تاڵەبانی بەشێکی بودجەی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵی خەرجکرد

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2176 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، بڕیاریدا بە خەرجکردنی بەشێک لە بودجەی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ، دەشڵێت،" تەواوبونی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ لە ئەولەوییەتی کارەکانمادایە".

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ تیمی کۆمپانیای هابیکا کۆبوەوە و بە دواداچونی بۆ چۆنییەتی بەرێوەچونی کارەکانی هەر دوو پڕۆژەی گۆپتەپە – چەمچەماڵ و هێڵی 3ی ئاوی دوکان – سلێمانی کرد.

بەگوێرەی راگەیەنراوی نوسینگەی جێگری سەرۆک وەزیران،" لە کۆبونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی دوای لێکۆڵینەوە لە کێشە و گرفتەکان و چۆنییەتی بەڕێوەچونی کارەکان، دەستخۆشی لە کۆمپانیای جێبەجێکار کرد کە توانیویانە بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە کارەکانی پڕۆژەی گۆپتەپە - چەمچەماڵ جێبەجێ بکەن و پشتگیری خۆی بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکەی دووپات کردەوە ".


جێگری سەرۆکوەزیران لە کۆبونەوەکەدا بڕیاریدا لەسەر دابینکردنی بەشێک لە بودجەی پڕۆژەکە بۆ کۆمپانیای جێبەجێکار و رایگەیاند،" بۆ ساڵی 2026 ئەم پرۆژەیە لە ئەولەوییەتی کارەکانماندایە و دەبێت لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا جێبەجێ بکرێت ".

پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ لە ساڵی 2024وە بە گوژمەی 139 ملیار دینار کەوتوەتە بواری جێبەجێکردنەوە و بڕیارە لە ماوەی 730 رۆژدا تەواو بکرێت، نوسینگەی قوباد تاڵەبانی دەڵێت، بە تەواوبونی پڕۆژەکە جگە لەوەی کێشەی ئاوی چەمچەماڵ بە یەکجاری چارەسەر دەبێت، کەرتی کشتوکاڵ لە قەزای چەمچەماڵ دەبوژێنێتەوە و نزیکەی 32 گوند ناوچەکەش لە پڕۆژەکە سودمەند دەبن.