شارپرێس:
لەکێبڕکێیەکی توندی بازاڕەکانی وزەدا، عێراقو وڵاتانی کەنداو توانیویانە لەکشانەوەی کڕیارە چینییەکان لەنەوتی ئێران سودمەندبن، پاڵاوگە سەربەخۆکانی چین بەهۆی توندبونەوەی دوبارەی سزاکانی ئەمریکا لەسەر تاران، ستراتیژی خۆیان گۆڕیوەو ڕویان لەکڕینی ئەو نەوتە خاوانە کردوە کە سزایان لەسەرنییە.
بهگوێرهى زانیارییەکانی ئاژانسی "ڕۆیتەرز" کە پشتی بەداتاکانی دامەزراوەکانی (Kpler)و (Vortexa) بەستوە، نەوتی عێراقو هاوشێوەکانی لەناوچەکە، بەداشکاندنی گەورە کە دەگاتە 5 بۆ 8 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەراورد بەنەوتی برێنت پێشکەش بەچینییەکان کراون، لەبەرامبەردا، ئێران تەنها 2 بۆ 3 دۆلار داشکاندنی کردوە، ئەمەش وایکردوە نەوتی ئێرانی سەرنجڕاکێشی خۆی لای کڕیارە گەورەکان لەدەستبدات.
زانیارییهكان ئاماژه بهوهدهكهن، تەنها پاڵاوگەکانی هەرێمی (شاندۆنگ)ی چین لەگەورەترین ههڵمهتى کڕیندا لەدوای دەستپێکردنی ململانێ ناوچەییەکانەوە، نێوان 16 بۆ 20.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی عێراق، ئیماراتو قەتەریان کڕیوە، ههروهها کۆمپانیای (شینگ هۆنگ) بۆ پێترۆکیمیاویات بەتەنها نزیکەی 12 ملیۆن بەرمیل نەوتی لەعێراق، سعودیەو ئەبوزەبی کڕیوە.
هاوردەی چین لەنەوتی ئێران لەم مانگەدا بۆ 556 هەزار بەرمیل لەڕۆژێکدا دابەزیوە، کە ئەمەش نزمترین ئاستی تۆمارکراوە لەکانونی دوەمی 2023وە.
بەهۆی سستبونی فرۆشو کشانەوەی کڕیارە چینییەکان، ملیۆنان بەرمیل نەوتی ئێرانی لەناو کاتژمێرە ناو دەریاییەکانو کۆگا سەرئاوکەوتوەکاندا لەگەروی هورمز گیریانخواردوە، شارەزایانی بازاڕ پێشبینیدەکەن، ئەگەر تاران لەمانگەکانی داهاتودا نرخی نەوتەکەی زیاتر دانەشکێنێت، پشکی بازاڕەکانی بۆ هەمیشە لەدەستدەداتو عێراق دەبێتە جێگرەوەی سەرەکیو بێ رکابەر بۆ پاڵاوگە سەربەخۆکانی چین.
