شارپرێس:
نێردەی ئێران لەنەتەوە یەکگرتوەکان لەبارەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەكەی هەڕەشەی توند دەكات و دەڵێت، ئەگەر ئەمریکا بەردەوام بێت لەهێرشەکانی و پابەند نەبێت بەیاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیانەوە، چیتر ئێرانیش پێیانەوە پابەند نابێت.
ئەمیر سەعید ئیرەوانی، نێردەی ئێران لەنەتەوە یەکگرتوەکان، ڕایگەیاند،"ئەمریکا جارێکی دیکە لەڕێگەی هێرشەکانەوە پابەندبونی خۆی پێشێل کردوەو سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئێرانی کردوەتە ئامانج".
نێردەی ئێران لەنەتەوە یەکگرتوەکان لەبارەی هۆکارەکانی ئاڵۆزیی دۆخەکەو کشانەوەی ئەمریکا لەڕێککەوتنی ئەتۆمی ئاماژەی بەوەش کرد، هۆکاری دروستبونی ئەم دۆخەی ئەمڕۆ، کشانەوەی ئەمریکایە لەڕێککەوتنی ئەتۆمی لەساڵی 2018 و ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی ئەمریکاو ئیسرائیلە بۆ سەر وڵاتەکەیان، ئەمە جگە لەوەی وڵاتانی ئەوروپا، لەناویاندا فەرەنسا، بەریتانیاو ئەڵمانیای تۆمەتبار کرد بەپابەندنەبون بەو بەڵێنانەوە کە لەو ڕێککەوتنەدا بەئێرانیان دابوو.
هۆکاری بنەڕەتیی دۆخی ئێستا ئاشکرایە، کە کشانەوەی نایاسایی ئەمریکایە لەڕێککەوتنی ئەتۆمی لەساڵی 2018؛ ئەمە جگە لەشکستی ئەوروپییەکان بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیان و هێرشە سەربازییە نایاساییەکانی ئەمریکاو ڕژێمی ئیسرائیل دژ بەئێران.