شارپرێس:
دەستەی دەستپاکی فیدراڵی عێراق دەستبەسەرداگرتنی بارهەڵگرێکی 8.5 تۆنی لەکەرەستەی پزیشکی و دەرمان ڕاگەیاند،کە ویستراوە بەناوی بەرهەمی ناوخۆیی و بەبێ دانی باجی گومرگی لەنێوان کەرکوک و هەولێر تێپەڕێنرێت.
فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی سەر بەدەستەی دەستپاکی لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند،" تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی لێکۆڵینەوەی کەرکوک بەهاوئاهەنگی لەگەڵ هەواڵگریی پۆلیسی گومرگ، بۆسەیەکیان لەگومرگی دارەمان لەسەر رێگەی سەرەکیی نێوان کەرکوک و هەولێر دانا، ئەوەش دوای وەرگرتنی زانیاریی ورد لەسەر دەستکاریکردنی زانیارییەکانی بارێکی هاوردەکراو."
دەستەی دەستپاکی دەشڵێت،" دەست بەسەر بارهەڵگرێکی جۆری (مێرسیدس-ئەکتڕۆس)دا گیراوە کە 8.5 تۆن کەرەستەی پزیشکی و دەرمانی تێدابوە.
تۆمەتبارەکان لەبەڵگەنامە فەرمییەکاندا وا نیشانیان دابوو کە ئەو دەرمانانە بەرهەمی ناوخۆیین، بەمەبەستی خۆدزینەوە لە دانی باجی گومرگی و تێپەڕاندنی ئەو دەرمانانەی کە هاوردەکردنیان قەدەغەیە".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لەو چالاکییەدا دوو کەس دەستگیرکراون؛ یەکێکیان شۆفێری بارهەڵگرەکەو ئەوی دیکەیان فەرمانبەرێکی گومرگە.
پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕوداوەکە بەگوێرەی ماددەی 340 لە یاسای سزادانی عێراقی رێکخراوە؛ تۆمەتباران و بارە دەستبەسەرداگیراوەکەش ڕەوانەی بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند کراون بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی.
