موقتەدا سەدر هۆشداریدەداتە پاسداران‌و گروپە چەکدارەکانى عێراق

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2931 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانى شیعه‌، بەیاننامەیەکی توندی بڵاوکردەوەو تێیدا داوای لەسوپای پاسدارانی ئێران‌و گروپە چەکدارەکانی عێراق کرد، خاکی عێراق نەکەنە مەیدانی ململانێی دەرەکی، هاوکات هێرشەکانی سەر عێراقیشى به‌توندى ئیدانه‌ كرد.


سەدر لەپەیامەکەیدا چەند خاڵێکی سەرەکی خستوه‌ته‌ڕوو پەیامێكى بۆ ئێران ناردوه‌و داوای لەسوپاى پاسداران كردوه‌ خاکی عێراق‌و شوێنە پیرۆزەکانی بۆردومان نەکەن، ئاماژەی بەوەشدا، عێراق نەبوەتە خاڵی دەستپێک بۆ بۆردومانکردنی کۆماری ئیسلامی.

له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا داواشی لەگروپە چەکدارەكان كردوه‌، هیچ بەهانەیەک نەدەنە دەست وڵاتانی کەنداوی عەرەبی بۆ ئەوەی خاکی عێراق بکەنە ئامانج‌و داواشی لەهەموان کردوه‌، بەڕۆحی برایەتی‌و ئاشتییەوە بجوڵێنەوەو نەکەونە داوی پیلانی (دوژمنی زایۆنیستی-ئەمریکی) کە دەیەوێت لایەنەکان کێشی ناو شەڕو ململانێی ناوخۆیی بکات.

ڕێبەری ڕه‌وتى نیشتمانى شیعه‌ وتویه‌تى، "من بەتوندی سەرکۆنەی بەئامانجگرتنی خاکی عێراق لەلایەن هەر دەوڵەت‌و لایەنێکەوە دەکەم، هاوکات سەرکۆنەی کردەوە بێشەرمانەکانی گروپە چەکدارەکانیش دەکەم کە دەیانەوێت عێراق ڕابکێشنە ناو جەنگێکی بێسودەوە".

سەدر داوایەکی ئاراستەی حکومەتی عێراق کرد بۆ ئەوەی بەجدی کار بۆ چەسپاندنی ئاسایش، سەپاندنی سەروەریی یاساو پاراستنی گەلی عێراق‌و پیرۆزییەکانی بکات‌و ڕێگریی بکات لەپەلکێشبونی وڵات بەرەو ده‌مارگیریى مه‌زهه‌بى قێزەون".

لەبەشێکی دیكه‌ى پەیامەکەیدا هاتوە کە عێراق‌و گەلەکەی پێویستیان بەئاشتی هەیەو جەنگەکان تەواوی تواناو کەرامەتی وڵاتیان تێکشکاندوە، هاوكات داوای وریایی کرد لەچالاکبونی "شانە نوستوەکانی تیرۆر" لەناوخۆو دەرەوە، کە دەیانەوێت پرسی مه‌زهه‌بى وەک بەهانەیەک بۆ تێکدانی ئاسایشی عێراق بەکاربهێنن.

سەدر لەکۆتاییدا پەیامێکی ئاراستەی سەرجەم وڵاتانی دراوسێ کردو ڕایگەیاند، "ئەمە داوایەکی ئاشتی‌و تەباییە بۆ هەموان، تاوەکو بەدور لەبنکە سەربازییەکان، ئاساییبونەوەی په‌یوەندییەکان‌و هەژمونی داگیرکاریی قێزەون بژین".

بەپەلە