نوجەبا مەرجەکانی بۆ حکومەتی عێراق ڕادەگەیەنێت‌و هەڕەشەی بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاو سعودیە دەکات

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2362 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بزوتنەوەی ئیسلامیی نوجەبا بەتوندی ئیدانه‌ى هێرشە موشەکی‌و ئاسمانییەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی سەر شارەکانی عێراق دەکات‌و ڕایدەگەیەنێت، خوێنی شەهیدەکانیان بەفیڕۆ ناچێت، لەبەیاننامەیەکیشدا پێنج خاڵی بنەڕەتی لەخۆدەگرێت، داواکارییەکی توندو بێ سازش ئاڕاستەی حکومەتی عێراق دەکات بۆ گۆڕینی مامەڵەکردنی لەگەڵ دۆسیەی ئەمنی‌و دەرەوەی وڵاتدا.


لەبەیاننامەکەدا هاتوە، مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراقدا هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی‌و پێویستە بەپەلە بنکەو بارەگاکانیان دابخرێن.

هاوکات نوجەبا داوای بڕینی تەواوی پەیوەندیی‌و هاوکارییەکانی بەغدا لەگەڵ سعودیە دەکات، بەوپێیەی بەسەرچاوەی سەرەکی تیرۆر لەعێراقدا ناوزەندیکردوە.

بزوتنەوەکە ڕەخنەی توند ئاڕاستەی هەڵوێستی ئێستای حکومەتی عێراق دەکات‌و داوای لێدەکات، لەسیاسەتی بێدەنگی‌و دەرکردنی بەیاننامەی ئیدانەکردنی بێسود بێتە دەرەوە.

هەروەها جەخت لەسەر کڕینی دەستبەجێی سیستمی بەرگریی ئاسمانی پێشکەوتوو دەکاتەوە بۆ پاراستنی ئاسمانی عێراق‌و سزادانی ئەو لایەنانەی کەمتەرخەمبون لەم دۆسیەیەدا.

لەکۆتاییدا، نوجەبا هۆشداریدەداتە واشنتۆن‌و ڕیاز کە بەردەوامبونی هێرشەکانیان بێوەڵام نابێت‌و باجێکی قورس لەسەر ئاستی ئاسایش‌و بەرژەوەندییەکانیان لەناوچەکەدا دەدەن.