خاكفرۆشی لەفەڵەستینەوە بۆ کوردستان!

توێژینەوە و شیکاریی

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 754 جار خوێندراوه‌ته‌وه

دلێر محەمەد نوری

کورد و فەلەستینی؛ هاوبەشی دەرد و جیاواز لە هەڵوێست:
فەلەستینی و کورد خاوەن دەردێکی لە یەکچوو و جیاوازیش لە یەک کاتدا. دوو میللەت وەکو یەک، داگیرکراو، دەربەدەرکراو، خاک‌فرۆشراو و خاک‌زەوتکراو، بەڵام تا سەر ئیسقان دژ بە یەک، ناحەز بە یەک. بۆ ئەمەشیان، خەتا لە کام لایە گرنگ نیە، بەڵام زۆربەی کات، داگیرکەرانی کورد کەوتوونەتە بەرەی دژی داگیرکەرەکەی فەلەستین. هەر بۆیە ڕژێمەکانی پێشووی عێراق و سوریا و ڕژێمی ئێران و ئەمڕۆی تورکیا لە بەرەی دژە ئیسرائیلن، جا بە تاکە تاکە یاخود بە کۆمەڵ. بەمەش هەمیشە ئەو ڕژێمانە، سۆزی فەلەستینییەکانیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشاوە و لە هەر گێرمە و کێشە و ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئەو ڕژێمانە بەرانبەر بە کورد، بەر لە هاوڵاتیانی خۆیان، فەلەستینییەکان ئامادە بوون بە دڵ و بە گیان دژ بە کورد، بە قازانجی ئەو ڕژێمانە بوەستنەوە. بە بێ ئەوەی بۆ جارێکیش بیری چاکەکانی کوردیان بێ لە پاڵپشتی فەلەستینییەکان لە خەباتی ڕزگاری و ئازادی خۆیاندا. ئەمانە لە لایەک و لە لایەکی دیکەشەوە، هەمیشە ئیسرائیل کارتی کوردی بیری ئەو ڕژێمانە هێناوەتەوە، بە بێ ئەوەی هیچ پاڵپشتییەکی ڕاستەقینە بووبێ بۆ گەلی کورد. بگرە هەر زوو هاوکاری هەر یەک لەو ڕژێمانەی کردووە دژی کورد. ئەمە ئەگەر لە ورزی دڵداری سیاسی و هاوبەشی سەربازی ئیسرائیل لەگەڵ یەکێک لەو ڕژێمانە لە لووتکەدا بووبێ. یاخود چاو و گوێی خۆی لە ئاست مەینەتییەکانی کورد نووقاندووە. هەر بۆ نموونە، هاوکاری سیخوڕی ئیسرائیل بۆ تورکیا، بە دیل گرتنی عەبدوڵا ئۆچ ئالانی لێ بەرهەم هات. یان بەم دواییە، لە بری دەستەمۆکردنی ڕژێمە نوێیەکەی سوریا، گوێی خۆی لە دەستدرێژییەکانی ئەو ڕژێمە بۆ سەر کورد کەڕ کرد. بە کوردی، ئیسرائیل هەمیشە بەرژەوەندی‌خوازانەی تاک‌لایەنە، کارتی کوردیان بەرزکردۆتەوە، بەڵام ڕژێمە داگیرکەرەکانی کورد هەمیشە ڕاستەوخۆ هاوکاری فەلەستینییەکانیان کردووە، بەڵام ئەوەی کورد و فەلەستینی لە یەک جیا دەکاتەوە، هەڵوێستە ئازادیخوازانەکەی کوردە لە بەرانبەر بە فەلەستینییەکان لە خەباتیاندا دژی ئیسرائیل و لە قۆناغی جیاجیادا. بەمەش کورد، سەرباری بارگرانی خەباتەکەی خۆی، ئیسرائیلیشی دژی خۆی، لە زۆر کاتدا، ورووژاندووە.

فراوانبوونی ئیسرائیل و بچوکبونەوەی فەلەستین!
هەندێک زانیاری مێژوویی هەن کە پێویستە لە بەرچاویان بگرین لە مەڕ سەرتاکانی دەڵەمەبوونی پێگەی جوولەکە لە فەلەستین و دواتریش دامەزراندنی وڵاتێکی بۆ جوولەکە لە شوێنێکی دەورەدراو بە نەیار، کە بە ژمارە، سەدان هێندەی، یان ڕەنگە هەزاران هێندەی ئەو ژمارە کەمەی جوولەکە زیاتر بوون کە دواتر بوون بە ناوکی دروستبوونی وڵاتێک، بەو ژمارە کەمەوە، لەگەڵ هەبوونی گەمارۆی عەرەب، لایەنی کەم لە سێ لاوە.

- لە نێوان ١٩٢٠ بۆ ١٩٤٨، جوولەکەکان دەیان هەزار پارچە زەوییان لە فەلەستینییەکان کڕی لە چەندین ڕێگەی جیاوازەوە، لەوانە: لە ڕێگەی کڕینی ڕاستەوخۆ لە خاوەن زەوییەکانەوە، یان لە ڕێگەی کڕینی زەوی لەو خاوەن زەوی و زارانەی کە لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێ بوون و دواتر پڕۆسەی دەرکردنی کرێچییەکان، یاخود جوتیارەکان، یاخود لە ڕێگەی کڕینی ڕاستەوخۆ لە کۆمپانیاکانی زەوی و زار و بە گوژمەی گەورە گەورە و بە شێوەیەکی فراوان. بە کورتی، تا ساڵی ١٩٤٧، جوولەکە بوو بە خاوەنی نزیکەی ١٠٪ی زەوی و زاری فەلەستین و ٩٠٪ەکەی دیکەش، نیوەی تەواوی خەڵکی سڤیلی فەلەستینی خاوەنی بوون و نیوەکەی دیکەشی زەوی و زاری میری بوون. ئەم خاوەندارییەی ١٠٪ی جوولەکەش خاوەندارییەکی ئاشتیانە و بە پێی بەڵگەنامەی فەرمی بوون. هەر ئەمەش ڕێگەی خۆش کرد بۆ بڕیاری دابەشکردنی ئەو خاکەی کە ئەمڕۆ ناوی ئیسرائیلە.

بڕیاری دابەشکردن‌و سەرەتای جەنگ!
لەکۆتایی ساڵی ١٩٤٧، کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕیاری دابەشکردنی فەلەستینی دا بۆ دوو وڵات؛ وڵاتێکی جوولەکە بە ڕێژەی ٥٥٪ و وڵاتێکی عەرەبی بە ڕێژەی ٤٥٪، و شاری قودس و بیت لەحمیش لە ژێر دەسەڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا مایەوە. تۆ تەماشا، جوولەکە بنەڕەتییەکانی فەلەستین تەنها ٨٤ هەزار کەس بوون. بەڵام تا ساڵی ١٩٤٨، ڕێژەکەیان بە هۆکاری کڕینی زەوی و زار و کۆچی جوولەکەکانی ئەوروپا لە ترسی نازییەکان و دواتریش کۆچی ڕزگاربووانی هۆلۆکۆست، ئەم ڕێژەیە گەیشتە نزیکەی ٦٣٠ هەزار جوولەکە، بەرانبەر بە ١.٣ ملیۆن عەرەب. واتا، جوولەکە تەنها نێوەی ژمارەی عەرەب بوون، تا کاتی بڕیاری دابەشکردن دەرچوو و جەنگ دەستی پێکرد.

ئەوەی باری لاری ئیسرائیلی ڕاست کردەوە، دەرکردن و کۆچکردنی جوولەکەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئێران بوو بۆ ئیسرائیل. بە جۆرێک، لە چلەکانەوە تاوەکو حەفتاکان، نزیکەی ٨٥٠ هەزار جوولەکە یان دەرکران، یاخود بە هۆی توندوتیژی و جیاوازی ڕەگەزپەرستی و کێشانەوەی ڕەگەزنامەی ئەو وڵاتانە لێیان، کۆچیان کرد بەرەو ئیسرائیل. بەمەش ژمارەی جوولەکە لە کەمینەوە بوو بە زۆرینە و لە بەرانبەریشدا عەرەب دەستی بە هەڵاتن لە وڵاتی خۆی و ئاوارەبوون بۆ ئەوروپا و وڵاتانی دراوسێ کرد. ئەمڕۆ ژمارەی دانیشتووانی ئیسرائیل زیاتر لە ١٠ ملیۆن و ژمارەی فەلەستینییەکانی کەناری ڕۆژئاوا و غەزە نزیکەی ٥.٥ ملیۆنن.

ئەنجام:
لەم کورتە مێژووییەوە بۆمان دەردەکەوێ کە گۆڕینەوەی زەوی بە پارە، دەرکردنی جوولەکە لە زێدی خۆیان لە وڵاتانی عەرەبی و ئێرانەوە، چەوسانەوەی جوولەکە لە ئەوروپادا، هەموو ئەمانە بوونە هۆکاری دامەزراندنی وڵاتێک بۆ ئیسرائیل.

کوردستان لەکوێی ئەم پڕۆسەیەیە؟
داگیرکەرانی کوردستان لە موسڵمانە عەرەبەکان و تورکەکان و فارسەکان، لە لایەک شیوەن دەکەن و لە خۆ دەدەن بۆ ستەملێکراوی گەلی فەلەستین و بە تانک و تۆپ و تەکنەلۆژیای سەربازی نوێش کورد ئەچەوسێننەوە. لە لایەکی دیکەشەوە، کۆپی هەموو ئەو سیاسەتانەی جوولەکە دەرهەق بە گەلی فەلەستین، بە سەربارەوە بە سەر گەلی کوردستان لە هەر چوار پارچەکە تاقی دەکەنەوە.

ئەگەرچی ڕۆژگارێک کورد پێگەی جوگرافی لە سەر دەریای سپی و کەنداو هەبووە، بەڵام بە هۆی سیاسەتەکانی عەرەباندن و تورکاندن و فارساندنەوە، وەها کورتکراوەتەوە کە ئەمڕۆ ناوچەی کوردنشین بە سەدان کیلۆمەتر لە دەریای سپی و کەنداو دوورکەوتۆتەوە. بۆ ئەوەی خۆم لە دوورکەوتنەوە لە کڕۆکی بابەتەکە بپارێزم، کە هەرزان‌فرۆشی ئارەزوومەندانەی زەوی و زارە بە داگیرکەر، نامەوێت لێرە بە مێژووی پڕۆسەی عەرەباندن و تورکاندن و فارساندندا بچمەوە و ناوی تەواوی ئەو شارانە بێنم کە هەم دێموگرافیایان گۆڕاوە و هەمیشە ناوە کوردییەکانیان لە بیربراوەتەوە لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا. بەڵام ئەوەی گرنگە بۆ من ئەوەیە بزانم کە کورد لە باشور و بە دەستی خۆی و لەم ساتەوەختەدا خەریکە ئارەزوومەندانە و بە سپاسێکی زۆریشەوە دیموگرافیای شارەکانی خۆی دەگۆڕێت، لە پێناو پارەیەکی کەم کە تەنها دەچنە گیرفانی چەند کەسێکەوە و دواتریش قایم دەکرێن لە ژێرخان و بانکەکاندا، بە بێ ئەوەی سودی بۆ کۆمەڵانی خەڵک هەبێ.

کورد ئەڵێ: «مریشک خۆڵ نەکات بە سەری خۆیدا، بە هەزار کەس ناتوانن خۆڵی بە سەردا بکەن!» لە سەد ساڵی کۆتاییدا، نەک هیچ عەرەبێک نەیتوانیوە و نەیوێراوە لە شارێکی وەکو سلێمانی، هەولێر یاخود دهۆکدا بژی؛ بگرە گەر بە ئەرکی میری نەبووایە، هەرگیز بۆ سەفەریش ڕوویان تێ نەدەکرد. نەک هەر ئەمەش، بەڵکو تەنانەت لە شارێکی تەعریبکراوی وەکو کەرکووک، لە ژێر ئەو هەموو پڕۆسەی تەعریب و تەبعیس و تەرحیل و تەرعیبەشدا، تا ئەمڕۆش نەیانتووانیوە ناسنامە کوردییەکەی زەوت بکەن بە تەواوەتی. ئەوەی کەرکووکی بێت ئەزانێت، تاکە تاکە نەبێت، هیچ عەرەبێکی کەرکووک ئارەزووی نەکردووە تەنانەت توخنی گەڕەکە کوردییەکانی وەکو ڕەحیماوا و شۆڕیجە و ئازادی و تەپە و کوێ و کوێ بکەوێت لە هەشتاکاندا، بەڵکو تەواوی گەڕەکە عەرەبییە تازە دروستکراوەکان کەوتوونەتە باشوری شار و ڕووبەڕووی حەمرین، نەک ڕووەو سلێمانی و هەولێر. بەڵام ئەمڕۆ وا بە دەستی خۆمان خەرێکی قوڕ بۆ سەری خۆمان ئەگرینەوە. ئەمەش لە ڕێگەی فرۆشتنی خانووبەرە و زەوی و زار و دوکان و کاری بازرگانییەوە.

جا لەبەرئەوەی ئامارێکی وردی ژمارەی عەرەبی نیشتەجێی شارەکانی هەرێم و عەرەبی خاوەن شووقە و زەوی و خانوو و دوکان و کۆمپانیا لە بەر دەستدا نیە، تەنها بەو ئامارە نافەرمییانەی لێرە و لەوێ بڵاودەبنەوە، پڕۆسەکە زۆر مەترسیدار دێتە بەر چاو. شایەتحاڵ و ئەزموونی خەڵکی هەرێم و تەنانەت ئەو تۆمارە ڤیدیۆییانەی ناوبازاڕ و کووچە و کۆڵان و مزگەوتەکانی هەرێم پێمان دەڵێن کە ئیتر خەریکە سیمای شارەکانی هەرێم دەگۆڕدرێن. کە ئەمەش ڕێگ دەمباتەوە بۆ سەرەتاکانی فرۆشتنی ئارەزوومەندانەی زەوی و زار بە جوولەکە لە فەلەستیندا! ئەوەی کە لە پشتی پڕۆسەی کڕینی زەوی و زار بوو لە فەلەستیندا، لە سەرەتاکانی سەدەی ڕابردوودا، بزووتنەوەی زایۆنیست بوو کە بزووتنەوەیەکی ئایینی و نەتەوەیی جوولەکە بوو، کە هەموو توانا مادی و دیبلۆماسی و کاریگەرییەکانی خۆی تەرخان کردبوو بۆ دامەزراندنی نشتیمانێک بۆ جوولەکە. جا زۆر ئەترسم لە پشتی ئەم پڕۆسەی کڕینی زەوی و زار و شوقەو کۆمەڵگاو کۆمپانیای بازرگانی، بزوتنەوەیەکی عەرەبی عێراقی نهێنی هەبێت لەپێناو لەناوبردنی نەرمی ئەم قەوارەیەی کە ناوی هەرێمە. ئەوەی ساڵانێکی زۆرە بەسیاسەتی ڕەگەزپەرستی و ماشێنی سەربازی پێیان نەکرا، بەسیاسەتی نەرم جێی بەجێی بکەن. کوردانی ڕۆژهەڵات لەوەسفی فارسەکان دەڵێن: «فارسەکان بەلۆکە سەرت دەبڕن.» واتا بەجۆرێک فێڵت لێدەکەن بەخۆشت نەزانیت. ئەوەی ئەیبینم لەم پڕۆسەیەدا، بەلۆکە سەربڕینی کوردە لەعێراقدا.

ماوەتەوە بڵێم، ئەگەرچی ئێمەی کورد خاوەن بزوتنەوەیەکی نەتەوەیی پتەوی دەوڵەمەندی لەشێوەی زایۆنیستی نین تاوەکو لەکەمینەی ڕەهاوە بمانکات بەزۆرینەی ڕەها لەوڵاتێکداو نشتیمانێک بۆ میللەتی خۆی دابمەزرێنێ، بەڵام ئێمە هەم خاوەن نشتیمانین و هەمیش زۆرینەین؛ وا بەدەستی خۆمان خۆمان دەکەین بەنیوەو بەکەمینە. ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی چوار شاری هەرێم وا بەگەرمی پێشوازيی لەجێبەجێکردنی ئەم پڕۆسەیە دەکەن و لەولاشەوە کوردانی کەرکوک و گەرمیان تائێستاش لەبەرگری بێ‌ پسانەوەن لەپێناو هەڵنەکەندنیان لەزێدی باوباپیران کە هەقوایە شارەکانی ژێر دەسەڵاتی هەرێم دەرسێک لەو خەڵکانەی گەرمیان وەربگرن. لێرەشدا جێگەی خۆیەتی ئاماژە بەو گێرمە و کێشانەی نێوان جوتیارانی سەرگەڕان و گوندەکانی دەوروبەری بدەم، کە بە دەستێک ڕووبەڕووی عەرەبی هاوردە و داعش و سوپاش دەوەستنەوە و بە دەستێکیش خەریکی کاری کشتوکاڵی و پتەوکردنی پەیوەندی نێوان خۆیان‌و خاکی کوردستانن لەو دەڤەرەدا.