موشەک‌و ديبلۆماسی.. زێلینسکی ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەی لەگەڵ ترەمپ ئاشکرادەکات

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 210 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیاو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لەکۆبونەوەیەکدا لەکۆشکی سپی، تاووتوێی ڕێگه‌کانی بەهێزکردنی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکرانیایان لەدژی هێرشە موشەکییەکانی ڕوسیا کرد.

زێلینسکی دوای کۆبونەوەکە لەهەژماری خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" نوسیویەتی، "لەگەڵ سەرۆک ترەمپ گفتوگۆمان کرد لەسەر پێدانی مۆڵەت بۆ بەرهەمهێنانی موشەکی دژبەر (ئینتەرسێپتەر) بۆ سیستەمی پاتریۆت، لەگەڵ چەند بیرۆکەیەکی دیكه‌ کە یارمەتیدەر دەبن لەم قۆناغەدا".

ئاماژەی بەوەشکردوە، بەڵێنی پێدراوە مۆڵەتی بەرهەمهێنانی موشەکەکانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی (پاتریۆت) بەوڵاتەکەی بدرێت کە گرنگییەکی زۆرى بۆ ئۆکرانیا هەیە. سەرۆکی ئۆکرانیا ڕونیشیکردوه‌ته‌وه‌، تەوەرێکی دیكه‌ى گفتوگۆکانیان تەرخانکرابوو بۆ زیندوکردنەوەی هەوڵە دپلۆماسییەکان بەئامانجی کۆتاییهێنان بەجەنگ.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک نێوەندگیرێک لەجەنگی ئۆکرانیادا کاردەکات، بەڵام لەمدواییانەدا هەوڵەکانی بۆ ڕاگرتنی شەڕ پاشەکشەیان بەخۆوە بینیوە کە بەشێکی ئەوەش بۆ گرژیی‌و شەڕی نێوان ئەمریکاو ئێران دەگەڕێتەوە. ئەو کۆبونەوەیەی نێوان ترەمپ‌و زێلینسکی لەپشت دەرگا داخراوەکانەوە ئەنجامدراوه‌و به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتی میدیا ئەمریکییەکان، كۆبونه‌وه‌كه‌ زیاتر لەکاتژمێرێکی خایاندوە.