سێ مەترسییە گەورەکەی سەر تەندروستیی دڵ کە دەتوانیت کۆنترۆڵیان بکەیت

تەندروستی

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 94 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تویژینەوەیەکی زانستیی نوێ ئاشکرای کردووە کە نزیکەی 90%ی کۆچی دوایی بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵەوە لە ساڵی 2023 پەیوەندیدار بوون بە هۆکارەکانی مەترسیی کە دەکرێت ڕێگرییان لێ بکرێت یان کۆنترۆڵ بکرێن، لە سەروویانەوە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، سیستەمی خۆراکی ناتەندروست، و بەرزیی ئاستی کۆلیسترۆڵ.

ئەم تویژینەوەیەی لە گۆڤاری جامادا  بڵاوکراوەتەوە، شیکاریی بۆ داتاکانی زیاتر لە سێ دەیەی تەندروستیی دڵ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە و 12 هۆکاری مەترسیی شیاوی دەستکاریپێکردنی پشکنیوە، لەوانە جگەرەکێشان، خواردنەوەی کحول، قەڵەویی، بەرزیی شەکری خوێن و پیسبوونی هەوا. 

توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە ڕێژەی گیانلەدەستدان بە نەخۆشیی دڵی ئێسکیمی لە ساڵی 1990ەوە بە ڕێژەی 58.7% کەمی کردووە، بەڵام هۆکارە سەرەکییەکان بە جێگیری ماونەتەوە.

لە ساڵی 2023دا، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن بە ڕێژەی 47%، سیستەمی خۆراکیی خراپ بە ڕێژەی 39%، و کۆلیسترۆڵی بەرز بە ڕێژەی 28.5% بەشدار بوون لە گیانلەدەستداندا. 

پزیشکان ڕوونی دەکەنەوە کە پەستانی بەرز بارگرانی دەخاتە سەر دڵ و ڕێگەخۆشکەرە بۆ ڕەقبوونی خوێنبەرەکان، لە کاتێکدا خۆراکی پڕ لە خوێ و پرۆسێسکراو مەترسییەکە زیاتر دەکات. هەروەها کۆلیسترۆڵی زیانبەخش (LDL) کاتێک لە دیوارەکانی خوێنبەردا کۆدەبێتەوە، ڕەقبوون خێراتر دەکات و ڕەنگە ببێتە هۆی جەڵتەی دڵ.

شارەزایان جەخت دەکەنەوە کە ڕێگریی پێشوەختە بە گۆڕانکاریی سادەی وەک پشکنینی بەردەوامی پەستانی خوێن، پەیڕەوکردنی سیستەمی خۆراکی تەندرووست، وەرزشکردن، نەهێشتنی جگەرەکێشان و کۆنترۆڵکردنی شەکرە دەست پێ دەکات.

 هەروەها ئاماژەیان بەوە داوە کە هەستکردن بە تەندروستباشی هەمیشە بە مانای نەمانی مەترسی نایەت، چونکە زۆر کەس پێش جەڵتەی دڵ هیچ نیشانەیەکی دیاریان تێدا دەرناکەوێت، لەبەر ئەوە پشکنینی خولیی دەوریی گرنگییەکی یەکلاکەرەوەی هەیە.