گەرما ئەوروپا دەشێوێنێت؛ هەزاران کەس گیانیان لەدەستداوەو هێڵەکانی گواستنەوە پەکیانکەوتوە

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2205 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەندریاس بێرگەر بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای گەورەی دڵنیایی (سویس ڕی)، هۆشداریدا لەکەمکردنەوەی مەترسییەکانی تەوژمی گەرما لەسەر ژیانی مرۆڤ، ئەمەش لەکاتێکدایە کە وڵاتانی ئەوروپا بەدەست لێکەوتە توندەکانی بەرزبونەوەی پلەکانی گەرماوە دەناڵێنن کە بوەتە هۆی گیانلەدەستدانی هەزاران کەس‌و پەککەوتنی جوڵەی گواستنەوەو بارهەڵگری دەریایی.

 

بێرگەر لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "مەترسییەکانی تەوژمی گەرماو ئەو مردنانەی پێوەی بەستراونەتەوە، تائێستا بەکەم سەیرکراون"، داوایکرد، ئاستی هۆشیاریی لەبەرامبەر مەترسییەکانی بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما بەرزبکرێتەوە.

ئەم کێشەیە لەکاتێکدایە کە ئەوروپا خێراترین کیشوەرە لەبەرزبونەوەی پلەکانی گەرمادا لەسەر ئاستی جیهان، ئەم شەپۆلە بێپێشینەیە بوەتە هۆی تۆمارکردنی هەزاران حاڵەتی مردنی نائاسایی، بەتایبەت لەنێوان ئەوکەسانەی تەمەنیان لە65 ساڵ بەرەو سەرەوەیە، کە لەم نێوەندەشدا فەرەنساو ئیسپانیا لەپێشەنگی ئەو وڵاتانەن کە لەماوەی هەفتەکانی ڕابردودا زۆرترین زیانیان پێگەیشتوە.

لەئەڵمانیا، په‌یمانگه‌ی (ڕۆبێرت کۆخ) بۆ تەندروستی گشتیی ڕایگەیاندوە، تا کۆتایی مانگی تەمموزی ڕابردوو، نزیکەی 11.9 هەزار حاڵەتی مردنی بەستراو بەگەرماوە تۆمارکراون، کە بەشە هەرەزۆری کێشەکە بۆ ئەو گەرما توندە دەگەڕێتەوە کە وڵاتەکە لەکۆتایی مانگی حوزەیراندا بەخۆیەوەی بینی.

لێکەوتەکانی ئەم شەپۆلە تەنها کەرتی تەندروستی نەگرتوەتەوە، بەڵکو گەرمای توند بوەتە هۆی دابەزینی ئاستی ئاوی چەندین ڕوباری سەرەکی‌و گرنگ، ئەمەش ڕێڕەوی کەشتییە بارهەڵگرەکانی پەکخستوەو فشارێکی توندی خستوەتەسەر کەرتی گواستنەوە.

ئەم دۆخە ناچارکەرە وای لەچەندین ویلایەتی ئەمریکی کردوە کە ڕێکارو قەدەغەکردنی سەر جوڵەی بارهەڵگرەکان لەڕۆژانی یەکشەممەو پشوە فەرمییەکاندا سوک بکەن، بەئامانجی ڕێگریکردن لەقەیرانی گواستنەوە کە بەهۆی کەمبونی ئاوی ڕوبارەکان‌و بەتایبەت ڕوباری (ڕاین) دروست بوە، ئەم ئاسانکارییانە ویلایەتی (نۆرد ڕاین فێستفالیا) کە قەرەباڵغترین ویلایەتی ئەڵمانیایە، لەگەڵ ساکسۆنیای خواروو، ڕاینلاندو سارلاند دەگرێتەوەو بڕیارە تا کۆتایی مانگی ئاب بەردەوام بێت.

لەڕوی ئابورییەوە، ئەم لێدوانانەی بێرگەر دوای ئەوەدێت، کۆمپانیای (سویس ڕی) ڕایگەیاند، قازانجی کۆمپانیاکەیان لەنیوەی یەکەمی ساڵی 2026دا بەڕێژەی 9٪ بەرزبوەتەوە، بەڵام جەختیکردەوە، هێشتا زوە بزانرێت ئایا ئەم مردنە زۆرانەی بەهۆی گەرماوە ڕودەدەن، چ کاریگەرییەکی خراپ لەسەر داهاتوو و ئەنجامە داراییەکانی کۆمپانیاکەیان لەزیورخ جێدەهێڵن.