پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم بدرێتە قوباد تاڵەبانی.. یەکێتی پێشنیازەکانی پارتی ڕەتدەکاتەوە

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 7501 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دواینجار پشتیوان سادق ئەندامی وه‌فدى دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کردوەو گفتوگۆیان لەبارەی پێشنیازەکانی پارتی بۆ یەکێتیی کردوە.


بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی تایبەت دەست شارپرێس کەوتون، پارتی پێشنیازی بۆ یەکێتیی کردوە قوباد تاڵەبانی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاندید بکات، پێشنیازی دوەمی پارتیش بریتیبوە لەپێدانی پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران بەدەسەڵاتی زیاترەوە، بەتایبەت لەدۆسیەکانی (دارایی‌و ئەمنیی)، بەڵام یەکێتیی هەردوو پێشنیازەکەی ڕەتکردوەتەوە.

وەک سەرچاوەکەی شارپرێس وتی، "یەکێتیی دەیەوێت پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران بەهەمان دەسەڵاتی سەرۆک وەزیران‌و پۆستی بریکاری وەزیری ناوخۆ بەهەمان دەسەڵاتی وەزیری ناوخۆ وەربگرێت، بەو مەرجەی وەزیری ناوخۆ یەک بریکاری هەبێت، لەبەرامبەریشدا پارتی ئەو دوو پێشنیازەی ڕەتکردوەتەوە".

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشکرد، یەکێتیی چاوەڕیی گەڕانەوەی قوباد تاڵەبانی دەکات بۆ هەرێمی کوردستان، بۆئەوەی لەکۆبونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی بڕیار لەهەنگاوی داهاتوی ئەو حزبە لەپرسی پێکهێنانی کابینەی  نوێی حکومەت بدرێت.