شارپرێس:
دوای ئەوەی چەند رۆژێک لەمەوبەر وەزیری نەوتی عێراق
لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باسی لەوەکرد کە ئەوان ئامادەن بەنزین بە نرخی
پاڵپشتیکراو بۆ هەرێمی کوردستان بنێرن و بەرپرسانی هەرێم رازی نەبون، وەزیری سامانە
سروشتییەکانی هەرێمیش ڕونکردنەوەیەکی لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە.
کەمال محەمەد
ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت، لە
روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد، حکومەتی هەرێم هەمیشە داوای دادپەروەریی کردوە
لەدابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان، بەهەموو پێوەرەکانیش بەشی هەرێم لە نەوتی خاو بۆ
بەکارهێنانی ناوخۆ زیاتر لە دوو بەرامبەری ئەمەی ئێستایە ".
وتیشی،"
دیاریکردنی پەنجا هەزار بەرمیل بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی هەرێم، ئەنجامی
رێککەوتنێکی کاتی بوە و بەخواست و ویستی ئێمە نەبوە ".
وەزیری سامانە
سروشتییەکان باسی لەوەشکرد،" ئەگەر وەزارەتی نەوتی فیدرالی ئامادەن گفتوگۆ لە
سەر دابینکردنی هەموو جۆرە سووتەمەنییەکان بە نرخی پاڵپشتیکراو بەپێی ڕێژەی
دانیشتووانی هەرێم بکەن، ئەوا بە ڕەچاوکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێم ئامادەین
دانوستان بکەین و پشکی ڕاستەقینە و دادپەروەرانەی هەرێمی کوردستان وەک هەموو
ناوچەکانی دیکەی عێراق دیاربکرێت ".
وەزیری سامانە
سروشتییەکان دەشڵێت،" لێرەدا جێگەی خۆیەتی کە ستایشی هەڵوێستی هەموو ئەو
پەرلەمانتارانە بکەین کە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدرال داوای دادپەروەری
و زیادکردنی پشکی هەرێم لە نەوتی خاو بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیان کردوە ".
