شارپرێس:
عێراق لەبەردەم ژماردنی پێچەوانەدایە بۆ کۆتاییهاتنی
ئەو مۆڵەتەی حکومەت بۆ چەککردنی گروپە چەکدارەکان دیاریکردوە، نزیکەی 44 ڕۆژ لەبەردەم گروپهكان ماوە بۆ ڕادەستکردنی شهش
جۆری سەرەکیش لەچەکو تەقەمەنی کە لە 12 بنکەی جیاوازدا لەبەسرەوە تا نەینەوا دابەشبون،
ئێستا شەقامی عێراقی چاوەڕێی 30ی ئەیلول دەکات؛ ئایا ئەم دۆسیە ئاڵۆزە بەڕێککەوتنێکی
سیاسی کۆتایی دێت، یان وڵات بەرەو پێکدادانێکی نوێ دەڕوات؟
جبەخانەی گروپهكان؛ لەموشەکی بالیستییەوە
تا درۆنی خۆكوژ
بهگوێرهى زانیارییە دزەپێکراوەکان، ئەو
گروپانەی تائێستا چەکەکانیان ڕادەستنەکردوە، خاوەنی هێزێکی سەربازیی گەورەن، لانیکەم
ههشت موشەکی بالیستی (وەک زوڵفهقار، فاتح-110و زلزال) کە مەودایان نێوان 200 تا
100 کیلۆمەترەو دەگەنە ڕیازو تەلئەبیب، ههروهها خاوهنى فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی
یان دیزاین ئێرانی بۆ سیخوڕییو هێرشکردنن وەک (مهاجر-6، شاهد-101، شاهد-131،
شاهد-136و صماد)، چەکەکانی دیكهشیان بریتین له(کاتیۆشا، هاوەن، چەکی دژە تانک، نیشانەشکێنو
ئۆتۆمبێلی زرێپۆش).
جەرف سەخەر؛ گەورەترین مەتەڵی ئەمنی
شارۆچکەی (جەرف سەخەر) کە لەژێر کۆنترۆڵی تەواوی
(کەتیبەکانی حزبوڵڵا)دایە، وەک گەورەترین کۆگای شاردنەوەی ئەم چەکانە دەبینرێت، سەرکردە
سوننەکان، لەسەرویانەوە محەمەد حەلبوسی ڕایگەیاندوە، کەس ناتوانێت بچێتە ناو ئەم
شارۆچکەیەوە، لەساڵی 2014وە نزیکەی 130 هەزار کەس لەدانیشتوانەکەی ئاوارەنو ڕێگەی
گەڕانەوەیان پێنەدراوە.
جەنگی پەیامە ڤیدیۆییەکان
لەکاتێکدا مۆڵەتەکە نزیکدەبێتەوە، تەلەفزیۆنی
فەرمی عێراق ڤیدیۆیەکی فڕۆکە جەنگییەکانی بڵاوکردەوە بەدروشمی (چەک تەنها لەدەستی
هێزە ئەمنییەکاندایە) لەبەرامبەردا، دەستەی حەشدی شەعبی بەڤیدیۆیەکو بەدروشمی (ئێمە
پارێزەری خاکەکەینو دەمێنینەوە) وەڵامیدایەوە.
دابەشبونی هەڵوێستە سیاسییەکان
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هۆشداریدا
کە ئەگەر دۆسیەی گروپهكان یەکلایی نەکرێتەوە، عێراق توشی گۆشەگیریی نێودەوڵەتی دەبێت،
بهڵام محەمەد ناجی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی ڕێکخراوی (بەدر) دهڵێت، "بەتوندی
دژی بەکارهێنانی هێزین بۆ سەندنهوهى چەکی گروپهكانو ئەوەش بەفیتنەی ناوخۆیی دەزانین"،
هاوكات میسال ئالوسی سیاسیی سەربەخۆى عێراقى پێیوایە، ئەگەری پێکدادانێکی سنوردار
هەیە، بەتایبەت دوای ئەوەی حکومەت بونی 70 بنکەی وەهمی ڕاگرتوەو دایخستون.
ڕۆڵی تارانو واشنتۆن
شارەزایان پێیانوایە، چارەنوسی ئەم کێشەیە تەنها
لەدەستی بەغدادا نییە، بەڵکو بەستراوەتەوە بەئاستی ڕێککەوتن یان ململانێی ئەمریکاو
ئێران لەناوچەکەدا، سەردانی ئەمدواییەی ئیسماعیل قائانی (فەرماندەی فەیلەقی قودس)و
محەمەد باقر قالیباف سهرۆكى پهرلهمانى ئێران بۆ بەغدا، نیشانەی گوشاری توندە لەسەر
گروپهكان پێش 30ی ئەیلول، بهگوێرهى شرۆڤەکان، پێشنیازێکی نوێ هەیە کە گروپهكان
چەکەکانیان ڕادەستنەکەن، بەڵکو تەنها کۆگای بکەنو بیشارنەوە تا تێپەڕبونی قۆناغی
دهسهڵاتى دۆناڵد ترەمپ.
