قەتەرو کوه‌یت ڕازیبون تیمێکی ئێرانی دیدار لەگەڵ فڕۆکەوانە ئێرانیە دیلکراوەکان ئەمجامبدەن

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1937 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

عەمید سەید محەممەد باقرزادە فەرماندەی لیژنەی گەڕان بەدوای بێسەروشوێنکراوان لەدەستەی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران ڕایگەیاند، قەتەر ڕەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر دیداری تیمێکی پسپۆڕی ئێرانی لەگەڵ فڕۆکەوانە دیلەکانی لایان.


بەگوێرەی ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی، باقر زادە داوای لەخاچی سوری نێودەوڵەتیی کردوە فڕۆکەیەکی تایبەتی فریاکەوتن ڕەوانەی قەتەر بکات بۆ گەڕاندنەوەی خێرای دیلە بریندارو نەخۆشەکان.

هەروەک ئاماژەی بەوەشکردوە، شوێنی ڕاگرتنی دیلەکان لەسەر ئاو گونجاو نییەو داوای لەحکومەتی قەتەر کرد بگوێزرێنەوە بۆ وشکانی‌و نەخۆشخانەیەکی ئامادەکراو.

لەلایەکی دیكه‌وه‌، باقرزادە ئاماژەی بەڕەزامەندی بەرایی حکومەتی کوه‌یت کرد بۆ دیداری باڵیۆزی ئێران لەگەڵ دیلە ئێرانییەکانی ئەو وڵاتەو هیوای خواست بەخێرایی ئازادبکرێن.

هەروەک داوای لەکوه‌یت کردوە، به‌گوێره‌ى پەیماننامەکانی ژنێڤ، ڕێز لەمافی هەر چوار دیلە جەنگییەکە بگرێت‌و زەمینەی په‌یوەندییان لەگەڵ بنەماڵەکانیان بۆ بڕەخسێنێت.

لەکۆتاییدا داوای لەلیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سور کردوە کە بەهەمانشێوەی دەستپێشخەرییەکەی بۆ بەندکراوانی گوانتانامۆ، دەرفەتی په‌یوەندیی ڤیدیۆیی بۆ دیلە ئێرانییەکان‌و خێزانەکانیان دابینبکات‌و بەپەلە بەدواداچون بۆ ئازادکردنیان بڕەخسێنرێت.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، پێشتر قه‌ته‌ر ڕه‌تیكردبوه‌وه‌ هیچ فڕۆكه‌وانێكى ئێرانى به‌دیلى كه‌وتبێته‌ به‌رده‌ستى ئه‌وان.