وەزیرێكی عێراق دێتە هەرێمی كوردستان

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 439 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی گەیاندنی عێراق ئاشكریكرد، بۆ کاراکردنی مۆڵەتی چوارەمی مۆبایل و خزمەتگوزاریی نەوەی پێنجەم (5G)ی ئینتەرنێت، هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن  و مستەفا سەنەد وەزیری وەزارەتەكە دێتە كوردستان.


وەزیری گەیاندنی عێراق لەپەراوێزی هەشتەمین کۆنفرانسی دیالۆگی بەغدا بەڕۆژنامەنووسانی ڕایگەیاند، بەمەبەستی تاوتوێکردنی دۆسیە هاوبەشەکانی کەرتی گەیاندن، بەمزووانە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات.

مستەفا جەبار سەنەد، وەزیری گەیاندن ئەوەشی ئاشكراكرد، وەزارەتی گەیاندنی فیدراڵ و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لەبەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و کۆمپانیا جیهانییەکاندا یەک نوێنەرایەتییان هەیە.

وتیشی،"لەم سەردانەدا، باسی کاراکردنی مۆڵەتی چوارەمی تۆڕەکانی مۆبایل و خزمەتگوزاریی نەوەی پێنجەم (5G) دەکەین، بەجۆرێک هەردوو پرۆسەکە لەبەغداو هەولێر بەهاوبەشی و لەیەک کاتدا دەست پێ بکەن."

سەبارەت بەدۆسیەی دارایی و دابینکردنی موچە، سەنەد جەختی لەوە کردەوە کە هەڵوێستیان نەگۆڕە؛ چ لەپێشوو وەک پەرلەمانتار چ وەک وەزیر. وتیشی، کێشەیەکی کۆن لەموچەدا هەبوە بەهۆی کەمیی داهاتی نەوت، ئەمەش دوای ڕوداوەکانی داخستنی گەروی هورمز خراپتر بوە".