شارپرێس:
بەرپرسێکی پێشوی دەزگای هەواڵگری ناوخۆیی ئیسرائیل (شاباک) ڕایگەیاند،
ئەو ڕاپۆرتانەی باس لەپیلانی ئێران بۆ کوشتنی یائیر ناتانیاهۆ دەکەن، گوماناوینو
پێدەچێت بۆ مەرامی سیاسیی گەورە کرابێتنەوە.
تساحی تسوکەر بەرپرسی پێشوی یەکەی پاراستنی کەسایەتییەکان لەدەزگای
(شاباک)، لەلێدوانێکدا گومانی خۆی دەربڕی بەرامبەر بەو ڕاپۆرتەی کەناڵی (نیوزماکس)ی
ئەمریکی بڵاویکردوەتەوە، ڕاپۆرتە ئەمریکییەکە ڕایگهیاندوه، یائیر ناتانیاهۆ کوڕە
گەورەکەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لەکۆتایی ساڵی ڕابردودا بەپەلە شاری میامی ئەمریکای
جێهێشتوەو گەڕاوەتەوە بۆ ئیسرائیل، ئەوەش دوای ئەوەی هەواڵگریی ئیسرائیل پیلانێکی
ئێرانی بۆ تیرۆرکردنی ئاشکراکردوە.
تسوکەر دەڵێت، "ڕێگەم بدەن گومانم لەم بابەتە هەبێت"، ئەو
ئاماژەی بەوەکرد، کاتی بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵەو وردەکارییەکانی، وەک ئەوەی کە دەڵێن
یائیر کەلوپەلەکانی بەجێهێشتوەو هەڵهاتوە، کەمێک سەیرو ناڕاست دەردەکەون.
ئەو بەرپرسە ئەمنییەی پێشوی ئیسرائیل ڕونیکردەوە، ڕەنگە ئەم هەواڵە بۆ
"مەبەستی سیاسیی" بەکارهێنرابێت، وهكو تسوکەر دهڵێت، "کاتی بڵاوکردنەوەی
ئەم ڕاپۆرتە هاوکاتە لەگەڵ ئەو مشتومڕانەی لەسەر پێویستی دابینکردنی پاسەوانی
(شاباک) بۆ گادی ئایزەنکۆت (ڕکابەری ناتانیاهۆ) لەئارادایە، بۆیە ئەم ڕاپۆرتە هێنراوەتە
پێشەوە تاوەکو پاساو بۆ بەردەوامی پاسەوانیکردنی یائیر ناتانیاهۆ لەلایەن شاباکەوە
بهێنرێتەوە، لەکاتێکدا ناوبراو هیچ پۆستێکی فەرمی لەحکومەتدا نییە".
لەکۆتاییدا تسوکەر ڕەخنەیەکی ناڕاستەوخۆی ئاراستەی
کوڕەکەی ناتانیاهۆ کردو وتی، "هەر کەسێک هەست بکات لەدەرەوەی وڵات مەترسی لەسەرە،
دەبێت ڕێز لەدۆخەکە بگرێتو بگەڕێتەوە بۆ ناو وڵاتەکەی خۆی نەک لەدەرەوە بمێنێتەوە".
