پزیشکیان: ئەمانەت دەبێت بدرێتە دەست ئەهلی خۆیی جەنگیش هەمیشە ڕێگەچارەنییە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1522 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، جەنگ تەنها بژاردە نییەو وڵاتەکەی لەڕێگەی عەقڵانییەت، یەکگرتویی‌و سپاردنی کار بەکەسانی لێهاتوو، بەردەوامدەبێت لەگەشەکردن، پزیشکیان جه‌ختیشیكرده‌وه‌، "به‌گوێره‌ى ئامۆژگارییەکانی ئیمامی عەلی، ئاشتییەک کە ڕەزامەندی خوای تێدابێت، ڕەتناکەینەوە".


مەسعود پزیشکیان لە21مین فێستیڤاڵی شەهید ڕەجایی‌و ئاهەنگی کۆتایی هەڵسەنگاندنی دەزگا جێبەجێکارەکانی وڵات، وتارێکی پێشکەشکردو ئاماژەی بەوێنەی پشت سەکۆى مه‌راسیمه‌كه‌ کردو ڕەخنەیگرت لەوەی، وێنەی ژنانی تێدانییە، ئه‌و وتی، "لەو وێنەیەدا، نیوەی کۆمەڵگە کە ژنان‌و دایکانن، نابینرێن، ئەوان لەگۆڕانکارییەکانی وڵاتدا کارێکی مەزنیان کردوەو ڕۆڵیان ئەگەر لەپیاوان زیاتر نەبێت، کەمتر نییە، من لەئاست شکۆو خۆڕاگریی ژنانی وڵاتەکەمدا سەرى کڕنۆش دادەنه‌وێنم".

سەبارەت بەئاڵۆزییەکان‌و جەنگی ئەمدواییە، پزیشکیان جەختیکردەوە، گەلی ئێران لەبەرامبەر زۆرداریی‌و دەستدرێژیدا ڕاوەستاوە، بەڵام وتیشی، "جەنگ هەمیشە ڕێگەچارە نییە، ئەو گرێیەی بەدەست دەکرێتەوە، نابێت بەددان بکرێتەوە، دەکرێت بەبیرکردنەوەو ڕێوشوێن لەم قۆناغە تێپەڕین".

ئاماژەی بەڕێککەوتنامەو لێكتێگەیشتنی ئەمدواییە کردو وتی، "ئەم ڕێککەوتنامەیە شانازییە بۆ ئێران‌و زۆربەی شرۆڤەکارانی جیهان، ئێران بەسەرکەوتوی ئەم مەیدانە دەزانن، هەرچەندە متمانەمان بەدوژمن نییە، بەڵام به‌گوێره‌ى ئامۆژگارییەکانی ئیمامی عەلی، ئاشتییەک کە ڕەزامەندی خوای تێدابێت ڕەتناکەینەوە، بەمەرجێک وشیارو بەئاگابین".

پزیشکیان بەئاماژەدان بەئایەتەکانی قورئانی پیرۆز، جەختیکردەوە، "ئەمانەت دەبێت بدرێتە دەست ئەهلی خۆی، بەرپرسیارێتی نابێت بدرێتە کەسێک تەنها لەبەرئەوەی هاوڕێ یان هاوبیری تاقمێکی تایبەتە، دەبێت دەرگا بۆ هەموو گەنجان، كه‌سانى شایسته‌و ڕۆشنبیرو کەسانی کارزان بکرێتەوە، بەبێ ڕەچاوکردنی ڕەگەز، نەتەوەو ناوچە، ئەرکی پارێزگارو وەزیرەکانە، دادپەروەریی لەدامەزراندن‌و بەڕێوەبردندا پەیڕەو بکەن".

سەرۆک کۆماری ئێران وەفای بەپەیمانی بەیەکێک لەگرنگترین فەرزە خوداییەکان ناوبردو وتی، "کاتێک پەیمانێک دەبەسترێت، دەبێت پێوەی پابەندبین، ئێمە بەپاڵپشتی ڕێبەریی‌و هەماهەنگی نێوان دەسەڵاتەکان‌و یەکگرتویی خەڵک، لەم قەیرانانە تێدەپەڕین، ئەگەر بەڕاستگۆیی لەمەیداندا بوەستین، خودا سەرکەوتنمان به‌نسیب دەکات‌و داهاتوی ئێران گەش دەبێت".