شارپرێس:
لەکاتێکدا ئەنكەرە جارێکی دیكه دەرگای گفتوگۆ بۆ چارەسەری پرسی کورد دەكاتەوە،
شەپۆلێکی نوێ لەهۆشداریی سیاسیی گۆڕەپانی تورکیای تەنیوە، شیکەرەوە سیاسییەکان باس
لەئەگەرێکی مەترسیدار دەکەن؛ ئایا ئەردۆغان ڕوبەڕوی هەمان ئەو چارەنوسە دەبێتەوە کە
لەساڵی 1993دا کۆتایی بەژیانی تورگوت ئۆزال هێنا؟
هۆشدارییەکی نهێنی لەمەترسییە تەندروستییەکان
ئەمرە ئۆسلۆ شیکەرەوەی سیاسیی تورک، لەنوێترین خوێندنەوەیدا تیشکدەخاتەسەر
لێدوانەکانی جەنگیز چاندار ڕۆژنامەنوسی ناودارو ڕاوێژکاری پێشوی ئۆزال، چاندار کە
خۆی ئەزمونی نزیکی لەگەڵ پرۆسەی ئاشتیی دەیەی نەوەدەکان هەبوە، هۆشداریی لە"مەترسییە
تەندروستییەکان" بۆ ئەوکەسانە داوە کە دەستیان بۆ چارەسەری پرسی کورد بردوە،
بەبڕوای ئۆسلۆ، ئەم دەستەواژەیە تەنها گوزارشت لەنەخۆشی ناکات، بەڵکو کۆدێکی سیاسییە
بۆ "کوشتنی بێدەنگ" یان پیلانگێڕیی دەوڵەتی قووڵ.
یادەوەرییەکی خوێناوی؛ ژەهر لەجیاتی لێبوردنی گشتیی
ئەم هۆشدارییانە خوێنەر دەگەڕێننەوە بۆ ساڵی 1993؛ ئەوکاتەی تورگوت ئۆزال خەریکی
داڕشتنی تێگەیشتننامەیەک بوو لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕو دەرکردنی
لێبوردنی گشتیی، بەڵام تەنها 36 کاتژمێر دوای ئەو هەنگاوە، ئۆزال بەشێوەیەکی
گوماناوی گیانی لەدەستدا، هەرچەندە سەرەتا وترا "جەڵتەی دڵە"، بەڵام دوای
ساڵانێکی زۆرو بەههڵدانهوهى گۆڕەکەی، پزیشکی دادوەری چوار جۆر ژەهری جیاوازی لەجەستەیدا
دۆزییەوە، ئەمەش سەلماندی کە ئۆزال قوربانیی "دەوڵەتی قووڵ" بوە.
ئەردۆغانو ئەرگەنەکۆن؛ سازان یان ڕوبەڕوبونەوە؟
ئۆسلۆ ئاماژە بەخاڵێکی هەستیار دەکات؛ ئەو تۆمەتبارە بەوەی لەکاتی خۆیدا دۆسیەی
کوشتنی ئۆزاڵی داخستوە بۆ ئەوەی لەگەڵ "ئەرگەنەکۆن" (دەوڵەتی قووڵ) نەچێتە
جەنگێکی بێ وادەوە، بەڵام ئێستا کە ئەردۆغان خۆی چوەتە ناو هەمان بازنەی ئۆزالو دەیەوێت
لەڕێگەی سێگۆشەی (ئەردۆغان ـ باخچەلی ـ ئۆجەلان) کێشەی کورد یەکلابکاتەوە، مەترسییەکان
جارێکی دیكه سەریانهەڵداوەتەوە.
پرسی کورد؛ هاوکێشەیەکی نێودەوڵەتی
لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە کە چارەسەری پرسی کورد تەنها پرسێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو
گرێدراوە بەپەیوەندییە هەرێمییەکانی تورکیا لەگەڵ ئیسرائیل، سوریاو عێراق، گۆڕانی
سیاسەتی تورکیا دوای ئۆزال بەرەو ئیسرائیل، نیشانەی ئەوەبوو، "دەوڵەتی قووڵ"
دەیەوێت هاوسەنگییەکانی ناوچەکە بەئاراستەیەکی جیاوازدا ببات، سەرکەوتنی ئەردۆغان
لەم پرۆسەیەدا بەواتای بەهێزبونی تورکیاو گۆڕینی نەخشەی سیاسیی ناوچەکە دێت، ئەمەش
ڕەنگە بۆ زۆر لایەنی ناوخۆییو دەرەکی قبوڵکراو نەبێت.
متمانە لەنێوان شەفافیەتو پیلاندا
ئەم شیکردنەوەیە هۆشداریدەدات کە هەر ڕوداوێکی نەخوازراو بۆ هەریەک لەجەمسەرەکانی
پرۆسەی ئاشتی (ئەردۆغان، باخچەلی یان ئۆجەلان)، تورکیا دەگەڕێنێتەوە بۆ ناو توندوتیژییەکی
بێ کۆتایی، پرسیارە گەورەکە ئەوەیە: ئایا ئەردۆغان دەتوانێت لەو تەڵەیە ڕزگاری بێت
کە ئۆزاڵی تێدا خنکێنرا؟
