حكومەتی هەرێم لەبارەی كشانەوەی ئەمریكاوە ڕونكردنەوە دەدات

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 610 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

نورەدین وەیسی، بەڕێوەبەری ئۆفیسی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند، بڕیاری كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق لە كۆتایی مانگی داهاتوودا نیشانەی كۆتایی هاتنی هاریكاری ئەمنی نێوان هەولێر و واشنتۆن نییە.

وەیسی، بە زە ناشناڵ نیوزی وت: كشانەوەی ئەمریكا نابێت وەك كۆتایی هێنان بە هاوبەشی ستراتیژی نێوان ئەمریكا و هەرێمی كوردستان لێكبدرێتەوە، ڕوونیشیكردەوە، "پێشمەرگە هاوپەیمانی متمانەپێكراون لە شەڕی دژی تیرۆردا، هاوكاری ئەمنیش لەگەڵ هاوبەشەكانمان بەردەوام دەبێت".

ئاماژەی بەوەشكرد، "پێدەچێت لە داهاتوودا دانوستانی نوێ ئەنجامبدرێت بۆ دامەزراندنی چوارچێوەیەك بۆ بەردەوامیی پشتیوانییەكانی ئەمریكا بۆ پێشمەرگە"، دووپاتیشی لە پابەندبوونی هەرێمی كوردستان بە پتەوكردنی هاوكاری و پەیوەندییەكانی لەگەڵ واشنتۆن كردەوە.

بەرپرسێكی دیكە كە داوای كرد ناوی ئاشكرا نەكرێت، پشتڕاستی كردەوە كە وادەی داهاتوو بریتییە لە "راگرتنی هاوكاری دارایی ئەمریكا بۆ هێزی پێشمەرگە، بەڵام هاوكاری لە مەشق و ڕاهێنان و لۆجستی و بنیاتنانی تواناكان بەردەوام دەبێت"، جەختیشی لەوە كردەوە كە " وادەی كۆتایی مانگی داهاتوو كۆتایی هاتنی میكانیزمی بودجەی ئێستایە و دەستپێكردنی میكانیزمێكی نوێیە".